دواین هەواڵ

کلتور‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

!تەرجومەی گۆگڵی

نووسین: هێمن محەمەد
ئەم کتێبە بەنموونە...
ماوەیەکە بەڕێزێک بەناوی (سامان عەلی) لەفەیسبووکی خۆی بەربووەتە گیانی وەرگێڕەکان و لە هەرە گەورەکانەوە تاوەکو بچووکەکەیانی گرتۆتەوە و ئیشی ئەوەیە لەشوێنێک لەکتێبێک لە وتارێکدا چەند پەڕەگرافێک دەهێنێت و عەرەبییەکەی دەدۆزێتەوە و دوای بەراوردکردن چینێکی باش سووکایەتی بە وەرگێڕەکە دەکات و دەیانشکێنێت.

با لەوەگەڕێین بەڕاستی ئیشەکەی زۆر قورس و ناخۆشە تۆ بێیت ئەوەندە سێرچ بکەیت و بەراوردێک بکەیت تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنی فڵان وەرگێڕ حەرفێکی بیرچووە یاخود ڕستەیەکی باش تەرجومە نەکردووە یاخود بەدڵی ئەم پێشەکی نەنووسیوە. 
بەهەرحاڵ منیش ویستم بزانم ئەم سوارچاکەی بواری وەرگێڕان کە ئاوا کەس لە دەستی دەرناچێت تا ڕەخنەیەکی لێنەگرێت، خۆی چی پێیە، ناچار هاتم لە گۆگڵ سێرچێکم بۆ کرد و لە کوردپیدیا چەند کتێبێکی ئەوی بۆ هێنام، هەر بۆخۆشی کتێبێکیم  بەناوی( ڕۆحی تیرۆر) ڕاکێشا، عەرەبییەکەیشیم پەیداکرد و بەراوردێکی بچوکم کرد بڕوابکەن تووشی شۆکبووم، ئاخر ئەم هاوڕێیەیە کە بەردەوام ڕەخنە لە ئەم و ئەو دەگرێت، باشە خۆی بۆچی وەرگێڕانەکانی وایە، خۆی کە عەرەبی دەزانێت ئەی کوردییەکەی بۆچی وایە دەڵێی تەرجومەی گۆگڵە و هیچ مانایەکیان نییە؟
من بەراوردە عەرەبیەکەی دادەنێم بۆ عەرەبیزانێک کە بیکات و کاک سامان ئیعتیرافی پێبکات، ناشڵێم کاک سامان عەرەبی نازانێت بەڵکو ئەشهەدو لە تەرجومەی حەرف بە حەرفدا دەستێکی باڵای هەیە، بەڵام کە دێتە سەر ڕستە و مانایەکت بداتێ بەڕاستی وێرانە.
 لێرەدا چەند پەڕەگرافێک لە کوردییەکەیتان بۆ دادەنێم، ڕاستییەکەی من تێنەگەیشتم لێی ئیتر ئێوە ئەگەر تێگەیشتن لەمانە خێرتان دەگات پێمبڵێن.
حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کاک سامان وەک ئەوەی دەقێکی پیرۆزی وەرگێڕابێت تەنانەت پێشەکییە عەرەبییەکەشی تەرجومەکردووە، نوقتەو فاریزەو تەنانەت ژمارەی لاپەڕە کوردییەکان و لاپەڕە عەرەبییەکان جیاوازییەکی وایان نییە و وەکو خۆی بێ کەموزیاد تەرجومەی کردووە بەڵام چۆن تەرجومەیەک!!
دوو تێبینی بچووک:
🔸هەر یەکەم دێڕ دەستپێدەکات عەرەبییەکە دەڵێت:
"من الاحداث عرفنا الكثیر".
تەرجومەکەی کاک سامان بەمجۆرەیە:
"زۆر ڕووداومان بینی"
بینین نییە، بەڵکو فێربوونە، پەند وەرگرتنە، تەرجومە ڕاستەکە ئەمەیە:
"لە ڕووداوەکانەوە شتگەلێکی زۆر فێربووین".
🔸ئینجا لەشوێنێکی دیکەدا عەرەبیەکە دەڵێت:
"هكذا اذن، كل شيء هنا یقوم علی الموت"
تەرجومەکەی کاک سامان بەمجۆرەیە: 
"کەواتە بەمجۆرە لێرەو لەم شوێنەدا، هەموو شتێک بەرمەبنای مەرگ پاڵدەداتەوە"
تەرجومە ڕاستەکە:
"ئیدی بەمجۆرە، لێرەدا هەموو شتێک لەسەر بنەمای مەرگ بنیاتنراوە".
ئاخر مەرگ چۆن پاڵدەداتەوە!
لەکۆتاییدا ڕێزم بۆ کاک سامان هەیەو هیوادارم بەدڵێکی فراوانەوە ڕەخنە قبوڵبکات، توانای خۆشی لە بەراوردکردنی کاری خەڵکیدا سەرفنەکات و بە دەستخۆشی کۆمێنتی فەیسبووک فریو نەخوات بەڵکو پرۆژە شەخسییەکانی خۆی پەرەپێبدات باشترە.
چەند پەڕەگرافێک وەکخۆی:
🔸بە واتایەک لە واتاکان، تەواوی سیستەمەکە، بەکارکردی لەرزۆکییە ناوخۆییەکەی، بە توندیی یارمەتی کردە بنەڕەتییەکە دەدات، بە ئەندازەی ئەوەش که سیستم لەسەر ئاستی جیهانی چڕ دەبێتەوە بێ ئەوەی لانی کەم تەنها تۆڕێک پتر بهێنێ، بەو ئەندازەیە لە خاڵێکدا لەرزۆک دەبێت.(لا14)
🔸کەواتە بەم جۆرە و لێرەدا لەم شوێنەدا، هەموو شتێ بەرمەبنای مەرگ پاڵدەداتەوە، نەک تەنها لە ڕێگای هێرشی توندی مەرگەوە بەبەرچاومانەوە، لە کاتی ڕوودانیدا بەڵکو لە ڕێگای هێرشی مەرگێکی پتر لە تەنها مەرگی واقیعییەوە، لە ڕێگای مەرگێکی سەمبولیکی و قوربانییەوە -واتە ڕووداوە ڕەها و مسۆگەرەکەوە.(لا 20)
🔸لەگەڵ هەموو ئەو دەرنجامە سامناکانەدا کە لێیدەکەونەوە: گەر ژارایبوون لەم چیرۆکی ئەنتراکسەدا لە ڕێگای گیرسانێکی هاوزەمانەوە خۆی بخاتە مەترسیەوە، بەهەمان شێوەی گیرسانی گیراوەیەکی کیمیایی لەگەڵ بەرکەوتنی بە گەردیلەیەکدا، هۆیەکەی لەبەر ئەوەیە کە کۆی سیستەمەکە گەیشتۆتە ئاستێک لە مۆلەقەیی کە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەک کاردانەوەی دەبێت.(لا 30)
🔸لەگەڵ بونیادنانی سەنتەری بازرگانی جیهانیدا گۆڕانی بەسەردا هات، ئیتر پەیکەری سیستم لە هەڕەمە تاک ستونی و هەڕەمەکانەوە گۆڕا بۆ کارتی کونکراو و خشتەی ئاماریی، ئەم گوزارشتە هونەرییە بیناسازە، بەرجەستەی سیستمێک دەکات کە چی تر بە ڕکەبەر نەماوە، بەڵکو بوەتە دیجیتاڵی و ژمارەیی، لەو کاتەدا کە ڕکەبەرکێ، بە تای بەرژەوەندی و تۆڕەکان و قۆرخکاریدا، بزر دەبێت. (لا 35)
🔸ئەم ڕەتدانەوە ناوخۆییە بە هێزە بە تایبەت لەبەر ئەوەی کە سیستەمەکە لە کەماڵ و هێزی زەبەند نزیکدەبێتەوە. کەواتە هەموو شتێک لە ڕێگای جۆرێک لە دەسیسەی کتوپڕەوە جێبەجێ بوو، وەک ئەوەی کۆی سیستەمەکە، بەهۆی لەرزۆکییە ناوخۆیەکەییەوە، بەشداری لە گرەوی خۆپاکتاوکردن و، پاشان گرەوی تیرۆردا بکات.(لا 38)
🔸هەموو شتێک لە یەکەم تەماشادا. هەموو شتێک بەبەتاڵکراویی لە پێداکێشانی ئەوپەڕی سنووردا ئامادەیە. گەر ئەم چرکەساتە لە سەرنجبەریشمان ڕەتدایەوە کە مەزەندەکردنی ڕووداوە لە ڕادەبەرەکە لە ماوەی جاویدانیی وێنەدا بە چڕیی هەیە، ئەو دەمە هەموو چانسێک سەبارەت بە تێگەیشتن لە مۆرکە هەڵاوێردەکەی لە دەست دەدەین، هەموو گوتارەکان هیچی تر ناکەن تەنها ئەوە نەبێت کە بەیەکجاری دوورمانبخەنەوە لێی، ئیدی هێزی رووداوەکە لەنێو پێودانگگەلێکی سیاسی و مۆڕالیدا بزر دەبێت.(لا 41)
🔴خوێنەری بەڕێز ئەمە تا لاپەڕە 41 ئەم پەرەگرافانەم هەڵبژارد و چاویشم لە چەندین پەڕەگرافی تر پۆشی،  بەڕاستی کتێبەکە 93 لاپەڕەیە و توانایەکی دەوێ، ئیتر تاقەتم لێی نەما.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP