نیهاد جامی
شتێک نەماوە بەناوی شانۆ لەکۆمەلگای کوردیی کە کاریگەریی بەسەر هۆشیاریی کولتوریەوە هەبێت، ئەوەی ئەم شانۆیەی بەم دۆخە برد خودی شانۆکاران خۆیان بوون، خۆ فریوودان بەناوی نوێگەری لەشانۆدا شانۆی ئێمەی تووشی ناو فانتازیایەک کرد کە تەنیا خۆی ببینێت و هیچ نەبیستێت و نەبینێت، ئێمەی شانۆکاران بەرپرسیاری ئەو دۆخە خراپەی ئێستاین، دیارە لە نێوان من و شانۆکاراندا یەک هێلی زۆر باریک هەیە، ئەویش تەنیا ئەوەیە من دەمدەوێت دانبەو هەڵەیە بنێم و قسەی لەبارەوە بکەم، شانۆکارانیتر نایانەوێت لەناو خەوی غەفڵەت بە ئاگابێنەوە، ئەوەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکێکیان پەیوەندی هەیە بە ترسی لەدەستدانی ئەوەی وەدەستیان هێناوە، بەوەی دواتر نازانن چۆن لەشانۆدا کار بکەن، هۆکارەکەی تریش ئەو نەزانین و نەگەڕان و خۆ ماندوو نەکردنەیە بۆ زانین.
ئەوەی ئێمە بە نوێ دەیبینین لەڕاستیدا نوێ نەبوو، بەڵکو میراتی نوێگەری بوو، دەنا لەبنەرەتدا وەک قۆناغێک بوو کە کۆتایی هات، شتێک نەما بەناوی شانۆی ئەزموونگەری، ئەوەی لەئێستادا هەیە ئەوەیە تۆ یان شانۆ دەکەیت یاخود پێرفۆڕمانس، بۆیە پیاچوونەوە بەهەموو ئەوانە پێویستیان بەهەڵوەستەکردن و پرسیارکردنە،
ئێمە پێویستە گومان لەکۆی ئەو زانینە بکەین کە دەیزانین، بۆ ئەوەی کارێکی لەم شێوەیەش ئەنجام بدەین، دەبێت واز لەو زانینە عەرەبیە بێنین هەر شتێک ئەوان ئەنجامیاندا، ئێمەش وەک سەرچاوەی بنەرەتی سەیرمان کردن، پێویستە ئەو ڕوانینە ببێت بە سەرەتایەک بۆ کەلێنخستنە زانینی شانۆییمان، برینێک بێت بۆ ناو بیرکردنەوەی ئامادەکراوی شانۆکاران، چونکە ناکرێت هەمیشە بۆ رزگاربوون لەدۆخی خەمناک وابزانین فێستڤاڵە شانۆییەکان و نمایشەکان توانای ئەوەیان هەیە ڕزگارمان دەکەن لەمردنی شانۆ لەناو کۆمەڵگادا، سەرەتا پێویستمان بەوەیە خودی ئەو تەرمە مردووە ببینین کە لەناو عەقڵیەتی شانۆکارەوەیە، تەرمێک نانێژرێت و بۆنەکەی بینەرانی بێزارکردووەو شانۆکاران نایانەوێت بڕوا بەو مردنە بکەن.