(هێمن مەحموود)
کاتێک ساتی دروستکردنی مێژوو دێت یەک ڕۆژ پێشتر پێش بکەوێت یاخود یەک ڕۆژ دواتر دوابکەوێت ئەوا شکست دەهێنێت و مێژوویەکی نوێ (جا ئیتر بە چاک یان بە خراپ) دروست نابێت.
کاتێک هەر کەسە و هەڵدەستێ دەبێت بە سیاسی وەک ئەم سەردەمەی لێ دێت، نە دەوڵەت بەهای دەمێنێت، نە حیزب و نە حیزبایەتیش مانایەکیان دەمێنێت، بەڵکوو لەبری حیزبی سیاسی گرووپێک دروست دەبن کە تەنیا ئامانجیان تاڵانکردنە و لەبری دەوڵەتیش مافیایەک دروست دەبێت کە تەنیا بیر لە دەوڵەمەندبوونی سەرۆک و دار و دەستەکەی دەکاتەوە، نوێترین نموونەش کە ئێستا بەبەرچاومانەوە بێت و هەرەسی هێنابێت سووریای بەشار ئەسەدە کە سەرۆکەکەی چونکە بە سوتفە خراوەتە سەر کورسییەک کە باوکی شەڕی دونیای لەپێناودا کرد و بە هەزاران کەسی لەپێناودا کوشت، لەبری ئەوەی عەقڵیەتی سەرۆکی دەوڵەتی هەبێت کەچی خەریکی بازرگانیکردن بوو بە ماددەی هۆشبەر، هەربۆیە لە یەکەم فرسەتدا جێیهێشت و هەڵهات.
(لینین) کاتێک ڕووسیای نوێ و یەکێتی سۆڤیەت دروست دەکات بەرهەمی شەو و ڕۆژێک خەباتی ئەو نییە، بەڵکوو چەندین ساڵ پێش ئەوە لە تاراوگەوە، دواتر لە ناوەوە، دواتر لە تاراوگەوە کار بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی دەکات. تەنانەت دوای ڕووخانی پاشایەتیش هەم جارێکی دیکە هەڵدێت و لە دەرەوە کار بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی نوێ دەکات، تەنانەت بە نهێنی دێتەوە ڕووسیا و دووبارە هەوڵی ڕاپەڕینی چەکدارانە دەدات.
لە کاتێکدا حکومەتی نوێی ڕووسیا خەریکە دەست بە کار دەبێت و ئەنجوومەنی دامەزرێنەران بڕیارە کۆببنەوە،
لە ڕۆژی 6ی نۆڤەمبەری 1917 لینین لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بەلشەفیک دەنووسێت:
گەڵاڵەی ڕاپەڕینی چەکداریی دەبێت بەبێ ئەملاوئەولا هەر ئەمڕۆ یان ئەمشەو بەڕێوەبچێ، ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ دەست بەکاربین سەرکەوتنمان مسۆگەرە، بەڵام ئەگەر بیخەینە سبەی لەوانەیە هەموو شتێک بدۆڕێنین و مێژوو قەت لەو هەڵە و خەمساردییەمان خۆش نابێ.
پلانەکەی لینین سەردەگرێت و هەر بۆیە بەیانی ڕۆژی 7ی نۆڤەمبەر لینین لە شوێنی خۆشاردنەوەکەی هاتەدەر و شۆڕشی دەست پێکرد و پێش ئەوەی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە ئەنجوومەنی دامەزرێنەرانی حکومەتی نوێ کۆببنەوە، شۆڕش سەرکەوتنی ڕاگەیاندبوو.
هەڵبژاردنی ساتی گۆڕانکاری بۆ سیاسی زۆر گرنگە، هەربۆیە ئەو سیاسییانەی کە لە هەڵبژاردنی ساتی گۆڕانکاریدا هەڵە دەکەن هەمیشە دەدۆڕێن.
ئەم کتێبە (لە لینینەوە بۆ پوتین) کتێبێکی زۆر تایبەت و نایابە، دیوەی ناوەوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی ڕووسیایە هەر لەدوای ڕووخانی پاشایەتییەوە تا سەردەمی ئێستای پوتین.
شۆڕشە سوورەکەی لینین بە گوڵ و ئاشتییەوە بۆ خەڵک نەهات، بەڵکوو بە ملیۆنان خەڵک بوونە قوربانی ئەو گۆڕانکارییە و سیستەمێکی نوێی سۆڤیەتی دروست بوو کە زیاتر لە 70 ساڵ بڕی کرد و دواتر بە گۆرباچۆف کۆتایی هات.
ئەم کتێبە شێوازی سەرەتای زەبروزەنگی لینین بۆ چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی نوێ دەخاتە ڕوو، زەبروزەنگێک کە هاوپەیمانەکانی شۆڕشەکەی لینین و پاشتریش هاوڕێ هەرە نزیکەکانی دەگرێتەوە و لەناو دەبرێن.
تەنانەت نووسەرێکی بەناوبانگی وەک ماکسیم گۆرکیی هاوڕێی لینین لە سەرەتاکانی شۆڕشدا دەنووسێت:
هێندێ کەسی نابەرپرسیاری ئاژاوەگێڕ و دڵکوێری دەمارگرژ بەناوی (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یەوە ئێمە بەرەو ڕێگەیەک دەبەن، کە جگە لەپشێوی و کاولکردن و لەناوبردنی پرۆلتاریا و شۆڕش هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە. ڕەخنەکانی گۆرکی دواتر بە داخستنی ڕۆژنامەکەی کۆتایهات.
ئەو شۆڕشەی کە لینین خەباتی چەند ساڵەی لە پێناویدا ئەنجامدا تەنیا نزیکەی 7 ساڵێک خودی خۆی حوکمڕانی کرد، ئیدی مرد و لاشەی ڕابەری کۆمۆنیستەکانی جیهانیان بە تەڵقینی ئاینییەوە بۆ دوا مەنزڵگەی خۆی بەڕێکرد.
سەردەمی سەرەتاکانی دەسەڵاتی سوور چەندین ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی و جەنگی بە خۆوە بینی کە بە مشتێکی ئاسنین هەموویان سەرکوتکران، تەنانەت دەزگایەکی پۆلیسی هەواڵگری بەناوی چێکا دروست کرا کە پشکی شێری لە کوشتن و لەناوبردنی نەیارانی دەسەڵاتی نوێ بەرکەوت، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی ئەو دەزگایەدا نزیکەی 500 هەزار کەس بەدەستی ئەو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە کوژران.
ڕووداوێک هەیە جێگای سەرنجە، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا لینین لەسەر کاغەزێک وەک تێبینی بۆ بەرپرسی دەزگای چێکا دەنووسێت: هاوڕێ دێرژینسکی چەند کەسی دژە شۆڕش لە بەندیخانەکاندان؟
بەرپرسەکەش لەسەر تێبینییەکە دەنووسێت: نزیکەی 1500 کەس و دەینێرێتەوە بۆ لینین.
لینین دووبارە لەسەر کاغەزەکە هێمایەکی (+) دەنووسێت بەرپرسەکە وا تێدەگا لینین ئەو (+) بۆیە نووسیوە ئەوە هێمای خاچە و فەرمانی لەسێدارەدانە بۆ زیندانییەکان، بۆیە لە کۆبوونەوەکە دەڕواتە دەرەوە و بۆ سبەینێ هەواڵی کوشتنی تەواوی زیندانییەکان بڵاو دەبێتەوە. دواتر سکرتێرەکەی لینین ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت هاوڕێ لینین فەرمانی لەسێدارەدانی دەرنەکردووە بەڵکوو بەرپرسەکە خۆی وا لێکی داوەتەوە، هاوڕێ لینین لە ژێر ئەو بابەتانەی کە دەیانخوێنێتەوە و لەبەریان دەکات ئەو هێمایە دادەنێت.
بەڵام لینین لەبری ئەوەی سەرزەنشتی بکات و بەرپرسەکە لە کارەکەی لا ببات، کەچی زیاتر لەلای خۆشەویست بوو، هەر بۆ زانیاریش ئەو دێرژینسکییە خودی خۆی لە سەردەمی پاشایەتیدا زیندانی سیاسی بووە.
یەکێکی تر لەو دیمەنە تراژیدیانەی تر لەم کتێبەدا قەتڵوعامکردنی بێ دادگایی بنەماڵەی پاشای ڕووسیایە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی دوایین پاشای ڕووسیا و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی پێش شۆڕشەکەی لینین و دروستکردنی حکومەتی سووری سۆڤیەتی، بنەماڵەی پاشا بۆ شوێنێکی دوور دوورخرانەوە.
دواتر لە شەوی 16ی یۆلیۆی 1918 بە بیانووی ئەوەی یاخیبوان بەنیازن پاشا ڕزگار بکەن دەکوژرێن، کوشتنەکەش بەم جۆرەیە:
ژمارەیەک چەکدار بنەماڵەی پاشایان بردە ژێرزەمینێک کە لە پاشا و هاوسەرەکەی، کوڕێک و چوار کچ پێکهاتبوون، هاوکات پزیشکێک و سێ کارەکەری دیکەش کە لەگەڵ خێزانی پاشا دەژیان ئەوانیشیان هێنا. بەچەند دێڕێک حوکمی گوللەبارانکردنیان خوێنرایەوە و هەموویان لە چەند خولەکێکدا لەناوبران.
تەرمەکانیان کۆ کردەوە و لە لۆرییەکدا برانە شوێنێک، ڕۆژی دواتر وەک ئەوەی فەرمانیان پێکرابوو تەرمەکان پارچە پارچەکران و خستیانە ناو ماددەی ئەسیدسۆلفۆریک، پاش توانەوەیان ڕشتیانە نێوچاڵێکەوە کە پێشتر ئامادەکرابوو دواتر سەریان پڕکردەوە، هەرچەندە فەرمانی گوللەبارانکردنەکەی لینین تەنیا بۆ بنەماڵەی پاشایەتی بوو، بەڵام چەکدارەکان پزیشکەکە و سێ کارەکەرەکەشیان بە دەردی ئەوانی دیکە برد. ڕۆژنامەکانی مۆسکۆش ڕۆژی دواتر تەنیا هەواڵی گوللەبارانکردنی پاشایان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاندبوو کە بنەماڵەکەی بۆ شوێنێکی سەلامەت گواستراوەتەوە.
لینین کاتێک فەرمانی کوشتنی بنەماڵەی پاشای دەرکردبوو ئەوەشی نووسیبوو: شێوەیەک بنەماڵەکە لەناوبەرن کە دژە شۆڕشەکان تەنانەت ئێسک و پروسکەکانیشیان دەست نەکەوێ کە بۆ کەڵکی خراپ وەرگرتن لە نەزانینی ئەو کەسانەی خەون بە گەڕانەوەی پاشایەتییەوە دەبینن بەکاریان بهێنن.
ئەم کتێبە هەر بەشێکی گێڕانەوەی مێژووییەکی سەرکردەیەکە کە ڕۆڵێک دیار و بەرچاویان لە مێژووی نوێی جیهاندا هەبووە، سەرکردەگەلێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵ حوکمی نیوەی جیهانیان کرد و بە چاک و خراپ شوێن دەستیان لێ جێماوە، زۆر جاریش چارەنووسی ملیۆنان خەڵکیان دیاریکردووە.
کتێبی (لە لینینەوە بۆ پوتین) کتێبێکی زۆر تایبەت و ناوازەیە، ڕاستگۆیانە و بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، مرۆڤی هۆشیار کاتێک ئەم کتێبە مێژووییەی تەمەنی ئیمپراتۆریەتییەکی وەک سۆڤیەت دەخوێنێتەوە دەڵێی ئەم سەردەمە دەخوێنێتەوە، تاکە سوودی مێژووش ئەوەیە کە بۆ ئەوەیە لە ئێستا تێ بگەین کە بەداخەوە ڕەنگە کورد و سەرکردە و سیاسییەکانی کورد هەرگیز سوودیان لێ وەرنەگرتبێت، نەک هەر سوود بەڵکوو هەر ناشیخوێننەوە، هەر ئەم نەخوێندنەوەشە هەڵسەنگاندنەکانمان بۆ ڕووداوەکان نایپێکێت و شکست دەهێنێت.
هەموو کاردانەوەکان:
١٣Kawa Shekh Abdulla و ١٢ی تر