هەرێم نیوز
پنتاگۆن رایگەیاند، 900 سەربازی تری بۆ عیراق ناردووە و لە ئێستادا نزیكەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عیراق هەیە.
جەنەراڵ بات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند: زیاتر لە 2500 سەربازی ئەمەریکی لە عێراقن، لەگەڵ ژمارەیەک هێزی دیکەی کاتی و پاڵپشتی.
وتیشی :"بەهۆی هەندێک هۆکاری دیپلۆماسییەوە وردەکاریی زیاتر پێشکەش ناکەین".
پێشووتر، رایدەر لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی 19ـی ئەم مانگەی وەزارەتەکەیدا ئاشکرایکردبوو، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا ئێستا لە سووریا نزیکەی دوو هەزار سەربازە لەکاتێکدا لە پێشووتردا 900 سەرباز بووە و بەهۆی بارودۆخی ئەمدواییەی سووریاوە، ژمارەیان زیادکراوە بۆ زیاتر لە دوو هێندە.
پات رایدەر باسی لەوەشکردووە، ئەو سەربازانەی لەمدواییە نێردراون بۆ سووریا، وەک هاوکاری کاتیی لەوێ دەمێننەوە و ئامانجیان ئامادەییە لەڕێگەی لۆجستی و بەرگرییەوە.
بەگوتەى بەرپرسانی ئەمریکا، زیادکردنی سەرباز لە سووریا بە واتاى زیادکردنی سەربازی ناو عێراقیش دادەنرێت، بەوپێیەی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا پشتیبەستووە بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەوە لەکاتێکدایە، مانگی ئەیلولی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و حکومەتی عێراق، دەستیان بە دانوستانێکی وورد و هەستیار کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و بەتایبەتی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵا، هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری و مەترسی دروست بوون لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا.
هاوکات چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی ئاشکرایان کردووە، بە ئەگەری زۆر بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن، چونکە هەرێمی کوردستان خواستی مانەوەی ئەمەریکای هەیە لە ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە هەشتی ئەم مانگە و دەستپێکردنەوەی هێرش و پەلامارەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەندێک جموجوڵ و چالاکیی داعش لە ناوچەکانی دێرەزور و رەققە، ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیاد کردووە.