هەرێم نیوز
لە لوتکەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حوسییەکان، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری نوێی لە دژی ئەم گرووپە میلیشیاییەی ئێران لە یەمەن بڵاوکردەوە. ناتانیاهۆ لە پەیامە هەڕەشەئامێزەکەیدا بۆ حوسییەکان جەختی لەوە کردەوە: هەرکەسێک زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت، باجێکی قورس دەدات.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "X" بڵاوکرایەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "حوسییەکان بە شێوەیەکی سەخت سزا وەردەگرن". هەروەها ڕوونیکردەوە کە "ئەمریکییەکان دەزانن کە ئیسرائیل بەناوی هەمووانەوە دژی حوسییەکان مامەڵە دەکات".
نەتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە، لەوانە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس لە غەززە و هەندێک گرووپی عێراقی، ڕایگەیاند کە "حوسییەکان دوا قۆڵی بەجێماوەی میحوەری مقاوەمەن". کە ناتانیاهو بە میحوەری ئاژاوە ناویان دەبات.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ١٦ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی سەنعا و حودەیدە، لەوانە وێستگەکانی وزە و دوو بەندەری "راس عیسا" و "ئەلسەلیف" لە شاری حودەیدە.
لە لایەکی دیکەوە حوسییەکان لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە هێرش و لێدانەکان ناتوانن ڕێگرییان لێبکەن لە درێژەدان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها هەڕەشە لە کەشتییە نێودەوڵەتییەکان بکەن.
لە سەرەتای شەڕی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، حوسییەکان بە بانگەشەی "پشتیوانی لە غەززە" و هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران، دەیان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە و دەیان کەشتی بازرگانییان کردووەتە ئامانج لە دەریای سووردا.
بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئیسرائیل ئێستا زیاتر ئامادەیی و ئیرادەی زیاتری هەیە بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکان دوای لەناوبردنی توانا بەرچاوەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس.
ئیسرائیل چەندین جار بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە "هەموو باڵەکانی ئێرانی لەناوچەکەدا لەناوبردووە و تەنها حوسییەکان ماون"، ئەمڕۆش ئەو لێدوانانەی دووپاتکردووەتەوە.