هەرێم نیوز
ئەمریکا هێز و کەرەستەی لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ڕۆژئاڤای کوردستان کرد، ئەمەش لە پاش بانگەوازەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ ئاگربەست لەگەڵ هێزەچەکدارەکانی نزیک لە سوریا، لەژێر چاودێری ئەمریکا.
کەناڵی سکای نیوز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی تایبەت ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە بڵاوی کردەوە، لە دەروازەی وەلیدی هاوسنووری سووریا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کاروانێکی هێزی سەربازیی ئەمریکا گەیشتووەتە نێو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکان کاروانەکە لە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی و بارهەڵگر و چەکی قورس و مامناوەند پێکهاتووە، ڕاستەوخۆ هێزەکە چونەتە پارێزگای حەسەکەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دوێنێ مەزڵوم عەبدی، بانگەوازی کرد ئاگربەستێکی گشتیی بکرێت لەژێر چاودێری ئەمریکا ئەوانیش ئامادەن ناوچەیەکی لەچەکداماڵراو لە کۆبانێ دروست بکەن، بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەمریکا هەسەدە وەک هاوپەیمانی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەبینێت و لە ئێستادا 900 سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژئاڤای کوردستانن و بنکەکانیان نزیک لە کێڵگەنەوتییەکانی ناوچەکەن.
8ی ئەم مانگە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پێشەنگایەتی دەستەی تەحریر شام کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە هێنا و دوای ئەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە چەند ناوچەیەک دژی هەسەدە دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ 11 رۆژە گرووپە چەکدارەکان ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.