دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بەغداد روبەڕوی فشارێكی توندی ئەمریكا بووەتەوە بۆ چەككردنی گروپەکانی سەر بە ئێران

هەرێم نیوز

تا دێت گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر عێراق زیاتر دەبن، وادەی ئەو سێ هەفتەیەش تەواو دەبێت کە بە حکومەتی عێراق دراوە بۆ هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

رۆژنامەی (العربي الجدید): لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، لەگەڵ تێپەڕبونی مانگێك بەسەر وەستانی هێرشی گروپە چەكدارەكانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل، سەرچاوە عێراقییەكان بەدوری دەزانن ئەو هێرشانە لەم ماوەیەدا دەستپێبكاتەوە. حكومەتی عێراق و هێزە شیعیەكان روبەڕوی فشارێكی زۆر بونەتەوە بەهۆی هەڕەشەكانی ئیسرائیل بە هێرشكردنە سەر عێراق، بە پاساوی تۆڵەكردنەوە لە گروپە چەكدارەكان.

ئاماژە بەوەشدراوە، گروپە چەكدارەكان كە خۆیان بە مقاوەی ئیسلامی لە عێراق ناساندبوو، بێدەنگیان لێكردووەو هیچ هەڵوێستێكی فەرمیان رانەگەیاندووە لەبارەی راوەستانی هێرشەكانیان، بەتایبەت دوای روداوەكانی ناچەكەو كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، كە گروپەكانی ناچاركرد لە سوریا بكشێنەوە، بەدوایدا فشاری ئەمریكا لەسەر حكومەتی عێراق دەستیپێكرد بۆ چەككردنی گروپەكان.

بەوتەی بەرپرسێكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، لەئێستادا دۆخی ناوچەكە مەترسیدارەو ئەگەری پێشهاتی كتوپڕ هەیە، هەر هێرشێكی گروپەكانیش بۆ سەر ئیسرائیل یان لەناوخۆی عێراق، گروپەكان روبەڕوی وەڵامی ئەمریكاو ئیسرائیل دەكاتەوەو رەنگە عێراقیش بكەوێتە بەر هێرش.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە: دوای روداوەكانی سوریا پشتی بەرەی مقاوەمە دەركەوتووەو ئێران هیچ هەڵوێستێكی پشتگیری نەبووە، ئەوەش وایكردووە مقاوەمە بیر لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ نەكاتەوە.

ئەم دۆخە ئێستا بۆ گروپەكان نالەبارە، ئەو فشارانەی بەرۆكی حكومەت گرتووە بۆ چەككردنیان پێداروی نوێ دەسەپێنێت و وا دەكات پابەندبن بە فەرمانەكانی حكومەت، بۆ بە بەدورگرتنی خۆیان و عێراقیش لە هەر هێرشێك.

كازم فەرتوسی، وتەبێژی گروپی كەتائیبی "سەیدلشوهەدا" كە یەكێكە لە گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی وتی: هێرشەكانیان دژی ئیسرائیل پەیوەست بووە بە شەڕی حزبوڵاوە، دوای ئاگربەست لە لوبنان، گروپە چەكدارەكانیش هێرشەكانیان راگرتووە.

د.ئەحمەد قەدیدی، سیاسەتمەدار و باڵیۆزی پێشووی توونس لە قەتەڕ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژە بەوە دەدات، ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 6 هەزار سەربازی دیکەی لە هێزە تایبەتەکان و هێزی دەریایی لەسەر سنووری سووریا جێگیرکردوون. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەگەر بێت بڕیار لە هەڵوەشانەوەی ئەو هێزانە نەدرێت.

لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، چەندین شاندی دبپلۆماسی و سەربازی لەسەر ئاستی باڵای وڵاتان سەردانی عێراقیان کردووە، بە ئامانجی بە دوورخستنەوەی عێراق لە ئالۆزییەکانی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP