هەرێم نیوز
پاش ئەو دانوستاندانەی سودانی لەگەڵ واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەیکا لە عێراق، ئێستا دۆخەکە گۆراوە و كۆدەنگی لە ناو شیعەكان نەماوە بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا و هەندێكیان پشتیوانی هەڵوێستی كوردو سوننە دەكەن کە سورن لەسەر مانەوەی هێکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
رۆژنامەی (العرب): لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، گۆڕانكارییە كتوپڕەكانی ناوچەكە بە تایبەت لە سوریا، ئەو شەڕە سیاسییەی سەختركرد كە هاوپەیمانەكانی ئێران لە عێراق دەیانكرد بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، ئەوە لەكاتێكدا چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت داواكاری مانەوەی سوپای ئەمریكا ببێتە داوایەكی حكومەتی سودانی، كە رەنگە ترسی گەڕانەوەی داعش بقۆزێتەوە بۆ دەستبەرداربون لە داواكاری رۆیشتنی سوپای ئەمریكا، لەپێناو خۆ بەدورگرتن لە توڕەكردنی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ ولێكەوتە سیاسی و ئابورییەكانی لە سەر عێراق.
سەرچاوە عێراقییەكان باس هۆكارێكی تری پشتیوانی بڕیاری مانەوەی سوپای ئەمریكا دەكەن لە عێراق، ئەویش نەمانی ئەو كۆدەنگیەیە لەنێوان هێزە شیعییەكان بۆ دەركردنی سوپای ئەمریكا.
هەندێك لە حزب و كەسایەتیە شیعییەكانی بەشدار لە پێكهێنانی حكومەت، پشتیوانی لە سودانی دەكەن دژی سیاسیەكانی تری شیعە و هەڵوێستیان نزیكە لە هەڵوێستی هێزە سوننە و كورد، كە دژی كشانەوەی سوپای ئەمریكان، لەترسی چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە بە تەواوی بۆ ئێران و فراوانكردنی دەسەڵاتی خۆی و هەژموونكردن بەسەر بڕیاری سیاسی و ئابوری و ئەمنی عێراقدا.
لە رابردودا حكومەتی سودانی ناچاربوو ملكەچی حزب و گروپە شیعیە خاوەن هەژموونەكان بێت، دانوستانی كرد لەگەڵ ئیدارەی بایدن لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
رۆژنامەی"واشنتۆن پۆست" باسی لە سیناریۆیەكی جیاواز كردووە لە بارەی ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەوە لەكاتێكدایە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت: ژمارەی هێزەكانی لە عێراق لەو ژمارەیە زیاترە كە بەشێوەیەكی فەرمی راگەیەندراوە.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە ئەگەری مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردووە بۆ ماوەیەكی درێژتر، سەرەڕای ئەو رێككەوتنەی كە بەغدادو واشنتۆن پێی گەیشتون، بۆ كشانەوەی زۆرینەی هێزەكان لە كۆتایی ساڵی 2025.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە: پشێوییەكانی سوریا پرسیاری لەبارەی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق وروژاندووە، كە ئەوە بابەتێكی زۆر هەستیارە بەلای سەركردایەتی عێراقەوە، بەوپێیەی بوونی سوپای ئەمریكا كە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەكانەوە رەتدەكرێتەوە، یارمەتی كرداری وڵاتەكەی داوە بۆ سەركەوتن بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنیەكان، هاوشانی دروستكردنی قورسایەكی هاوسەنگ لەسەر هەژمونی ئێران لە ناوچەكە.
رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسێكی باڵای عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: لە سایەی گۆڕانگارییەكانی ئێستا رەنگە دۆخەكە بگۆڕێت، دوای پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە، گۆڕانكاری لە تێڕوانیی بەرپرسە باڵاكانی عێراق لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا هاتووەتە ئاراوە.
بەوتەی بەرپرسە عێراقییەكە، وادەی كۆتایی كشانەوەی سوپای ئەمریكا پێدەچێت دوركەوتبێتەوە، لەگەڵ نزكبونەوەی دا رەنگە عێراق بە فەرمی داوای درێژكردنەوەی مانەوەی سوپای ئەمریكا بكات.