هەرێم نیوز
له کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، شه‌پۆلی نوێی سینەما له فەڕەنسا؛ به پێشه‌نگیی (ژان لوك گۆدارد) سه‌ری هه‌ڵدا و وزەی بە سینەمای نێودەوڵەتی، ڕەخنە و تیۆری فیلم بەخشی. ئەمەش ڕاسته‌وخۆ کاریگەرییەکانی نیوڕیالیزمی ئیتاڵی بیرخسته‌وه، كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و سینه‌مایی بوو، بۆ مامه‌ڵه‌كردنی واقیعیانه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی پێش جه‌نگ و ئه‌و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه له ماوه‌ی ئه‌م قۆناغه و دواتردا سه‌ریان هه‌ڵدا.
دیارە ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات له‌م شه‌پۆله سینه‌ماییه بێبه‌ری نه‌بوو و له‌و نێوەدا (ئاندرێ تاركۆڤسكی)ی سینه‌ماكار، ده‌رهێنه‌ری ئۆپێرا، نووسەر و ئەکتەری سۆڤیەتی ڕووسی، ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له په‌ره‌پێدانی فیلمسازی له ناوچه‌كه و لەقاڵبدانی ناسنامه‌ی سینه‌ماییه‌كه‌ی.
فیلمەکانی تارکۆڤسکی؛ وەک سینەمای هونەری پۆلێن دەکرێن، کە لە میانیاندا توخمەکانی زانستی خەیاڵی، درامای دەروونی و درامای مێژوویی تێکەڵ دەبن.
کارەکانی ئەو دەرهێنەرە سینەماییە، تێکەڵەیەکن لە بابەتی فەلسەفی و ڕۆحی، بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی وەک کات، یادەوەری، باوەڕ و بارودۆخی مرۆڤ.
شێوازی جیاوازی تارکۆڤسکی کە بە وەرگرتنی دیمه‌نی ماوه درێژ و وێنەی هێمادار، ناسراوە، لەبری گێڕانەوەی ئاسایی و ڕاگوزەر، جەخت لەسەر قووڵایی سۆزداری و لێکۆڵینەوەی میتافیزیکی دەکاتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، ئەگەر پێشوەختە خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییت بۆ فیلمه‌كانی تاركۆڤسكی نه‌بێت، ئەوا ئه‌سته‌مه بتوانیت سه‌یری فیلمێكی بكه‌یت و بێزار نه‌بیت. هەر لەبەر ئەمەش کە له دیمانه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: “باوترین ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه ئاراسته‌م ده‌كران، ئه‌وه بوو كه فیلمه‌كانم ئاڵۆزن و تێگه‌یشتن لێیان زه‌حمه‌ته، كه‌چی ئه‌مه شتێكی ئاساییه. چونكه سەیرکردنی فیلم تەنها تێگەیشتن نییە، بەڵکوو هەستکردنە بەو فیلمە.”
تارکۆڤسکی فیلمی وەک فۆڕمێکی هونەری سەیر دەکرد، بەوەی توانای سەرقاڵکردنی هەردوو وەڵامی فیکری و سۆزداری هەبێت و وەک ئامرازێک بۆ وروژاندنی دەنگدانەوەیەکی قووڵی سۆزداری و ڕۆحی، جەختی لەسەر کەشوهەوا و کات و بێدەنگی دەکردەوە. بۆ ئەو؛ هێزی ڕاستەقینەی سینەما، لە توانای گەیاندنی ئەزموونە ئاڵۆز و نازارەکییەکاندایە کە تێگەیشتنی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێنن.
فیلمەکانی تارکۆڤسکی پڕن لە گرتە و دیمەن وێنەی هێمادار، کە ڕەنگدانەوەی نیگەرانییە فەلسەفی و ڕۆحییەکانی ئەون. بۆ نموونە، زۆرجار ئاو هێمای پاککردنەوە و نائاگاییە، لە کاتێکدا ئاگر نوێنەرایەتیی لەناوچوون و نوێبوونەوە و ململانێی بوونگەرایی دەکات. وەک چۆن ئاوێنە و ڕەنگدانەوەکان، بەدواداچوون بۆ ناسنامەی خود و سنووری نێوان واقیع و میتافیزیکی دەکەن. سروشت وەک میتافۆڕێک، بۆ هۆشیاری و کاتەکانی مرۆڤ کار دەکات و ڕاستییە قووڵ و گشتگیرەکان ئاشکرا دەکات.
وەکووتر، کات کە بابەتێکی سەرەکییە لە کارەکانی تارکۆڤسکیدا، لە ڕێگەی گێڕانەوەی ناهێڵییەوە وێنا کراوە. وێنە و دیمەنە ئایینییەکان، بە تایبەت هێما مەسیحییەکان، کە لە سەرانسەری فیلمەکانیدا دەردەکەون، پەیوەستن بە تەوەری ئیمان و گەڕانی ڕۆحییەوە.
ئەم هێمایانەی ناو فیلمەکانی تارکۆڤسکی، کە زۆربەی جار پڕن لە پارادۆکس، بە زیرەکی و زانایی بۆ مەرام و مەبەستی جیاواز، کاریان لەسەر کراوە و هانی بینەر دەدەن بۆ ئەوەی ڕۆبچێتە قووڵاییەکانیان و لە دیدگای تایبەتی و کەسییەوە لێکیان بداتەوە.ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕەی تارکۆڤسکییە، کە سینەما دەبێت بیرکردنەوە بورووژێنێت، نەک وەڵامی ڕوون بداتەوە.
هەردی نووری ئیبراهیم