هێمن عەبدولقادر
حەز لێکردن ڕووکەشانەیە، بەڵام خۆشەویستی قوڵە ڕەگئاژووە تا قوڵایی ڕۆح دەڕوات ، کاتێک کەسێک یان پیشەیەک یان شتێکت خۆش دەوێت واتا هەست بەبەر پرسیارێتی دەکەیت بەرامبەری.
پرخەیەکی خەو بەسە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو خەونانەی سەبارەت بە کەسێک هەتبوو هەرەس بێنێت، لە دەستگیرانیدا دەڵێن (ئامادەم بۆ دۆزەخیش لەگەڵتدا بێم) خەڵکی سەبارەت بە دۆزەخ زۆر دوور بیریان کردۆتەوە ، هەر بەیانییەک کە هەڵدەستیت ، پیس بوونی گەرماو و سەرئاو و سەر دەستشۆرەکە بەسە بۆ ئەوەی کە دۆزەخی لە نێوان دوو کەسدا دروست ببێت.
سەدان کەس ئێستا لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی توشی شێر پەنجە بوون ، سەدانی تریش وەک شارەهەنگ لەدەرەوە ، خرۆشاوون ، سواڵ ئەکەن بۆ دەرمانەکانیان ، قەرز ئەکەن ، لەدەرگای خەڵک ئەدەن ، ئەمە پێی دەوترێت خۆشەویستی ، تا دۆزەخ ڕۆیشتن.
سەدانی تریش لەبەردەم دەرگای دادگاکاندا دانیشتوون بۆ ئەوەی لە یەکتری جیاببنەوە ، بێ ئەوەی نیوەی ڕێگاکەیان بەرەو دۆزەخ بڕیبێت.
کە لە قوڵایی دڵتەوە بە کەسێک دەڵێیت من تۆم خۆشدەوێت ، واتا لەشولارت فریوم نادات ، دەسەڵات و پارەکانت فریوم نادات ،بنەمالە و بڕوانامەکانت ، فریوم نادات من هەر بەڕاستی تۆم خۆشدەوێت.
سەبارەت بە سبەینێ ، کەس ناتوانێت دڵنیایی بدات ، ڕەنگە ڕوداوێکی ئوتومبیل هەردوو دەست و قاچت لەدەست بدەیت ، وەرەمێکی بچووک رەنگە کۆشکێکت پێ بفرۆشێت ، منداڵێکی بە نەخۆشی لە دایک بوو ڕەنگە هامۆشۆ و سەردانی کەسە نزیکەکانت لێ قەدەغە بکات.
ئەوەی گرەنتی ڕێگاکە دەکات خۆشەویستییە ، خۆشەویستی سەروکاری لەگەڵ (غەریزە) نییە ، هەمووان سەرنجی سەماکارەکان دەدەن ، بەڵام کەس ناکەوێتە داوی خۆشەویستییانەوە. چونکە لە حەزلێکردندا پابەند بوون و بەرپرسیارێتی بوونی نییە.
کاتێک خەڵکێکی زۆر لە چواردەوری کەسێک کۆدەبنەوە ئەمە حەزلێکردنە بۆ ئەوەی لەو شتانەی کە هەیەتی بەشیان بدات ، هەر بۆیە کاتێکیش ئەم کەسە دەکەوێت یان لەو جێگەیە نامێنێت ، هیچ کەسێک ئەوی نایەتەوە یاد ، وەک ئەوانەی لەگەڵ سەماکارەکاندا دەنوون و یەکسەر جێیدەهێڵن.
هیچ پیاوێک کە دێتەوە ژنەکەی سەیری ناکات ئایا پزیشکە یان ئەندازیار ، ئەمانە حەزلێکردنی پێش هاوسەرگیرین ، هەر وەکو کە ژنێک دێتەوە هیچ پیاوێک سەیری ناکات (نانسی)ە یان (صۆفیالورێن) ، ئەمانە نەوسن ، حەزی کاتی یەکتر ناسینن ، کەم نین ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە جوانیدا صۆفیا لۆرێنیان تێپەڕاندووە و لە بڕوانامە و پۆست و پلە و بنەمالەدا لە ئاستی بەرز ، بەڵام هێشتا لە دۆزەخی ئەم دونیادان نەک ئەو دونیا.
(من مست و تو دیوانه ما را که برد خانە؟)
مەولانا دەڵێت برا :- من مەست و سەرخۆش، تۆش دێوانە و شێت ، ئەی کێ بمانباتەوە بۆ مالەوە ؟
کێ بمانباتەوە بۆ ئەلبوومی وێنەکان ، بۆ کاتەی سەرمان ئەتاشن و سەر ئەنێین بە پەنجەرەی نەخۆشخانەوە ؟ جگە لە خۆشەویستی ، ئەوەی لەدەرەوەی پەنجەرەکە وەستاوە بە سەفەر تاسییەکەوە خودی خۆشەویستییە ، ئەوەی باری سەختی ژیان ئەچێژێت و ناجێتە ژێر باری کەس خودی خۆشەویستییە.
کەسمان ناڵێین (پیتزا) یان (هەمبەرگر)مان خۆش دەوێت ، هەموومان دەڵێین حەزمان لێیەتی ، کاتێکیش ئەم حەزە شکا کاغەز و مقەبا و ماوەکەی فڕێ دەدەین ، بەڵام ئەو درەختانەی کە هەموو ڕۆژێک ئاویان دەدەین ، ئەو ئاژەڵانەی نانیان پێدەدەین ، ئەو کەسانەی لێیان ئەپرسین ، ناپاکیان لەگەڵ ناکەین ، ئەمانە خۆشەویستین ، ناشکێن ، فڕێ نادرێن ، بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ گەشە دەکات داوای زیاتر دەکات.
کورد ئێژێت (لووت چڵمنیش بێت ، هەر هی خۆتە) ماڵ پڕبێت لە کێشەش دەتوانیت بەدەسڕێک ، بە خۆشەویستییەک بیسڕیت ، بە پێزانینێک ، بیسڕیت ، بەس کە بوو بە هی خەڵک ئەبێت هەڕ ڕۆژە و دەستکاری شوێنێکی بکەیت.
(یا توربەتێ ، یا غوربەتێ ، باڕێ بشکێنین
هەر مونتەزیرە "نالی" ئەگەر مرد و ئەگەر ما)
ئەگەر مردوو ، ئەگەر زیندوو ، با ئەو ڕێگەیە بە خۆشەویستی بشکێنین و بانگی یەک بکەین ، چونکە هەموومان چاوەڕێین ، چ لە گۆڕا ، چ لە ژیاندا ، یەکێک بمانلاوێنێتەوە و بلێت بارەکەت دابنێ ، خۆشمان دەوێیت.
نوقتە سەری دێڕ .....