هەرێم نیوز
وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی هەژماری من رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ کرد".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان "رێککەوتنەکە هاوکاریی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات لەوەی کە بتوانن زیاتر پشتببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە کاروباری رۆژانەیاندا".
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکەن بۆ پەرەپێدانی گشتگیری ئابوری، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەو پێشبردنی گشتگیری ئابوری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریەکانی بانکی لە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەنگاوە هاوکاری فەرمانبەران و موچەخۆران دەکات لەوەی کە بتوانن زیاتر پشتببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، بەوپێیەی کە بەمزوانە نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستان موچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا، کۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری چەندین سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ سودمەندانی پڕۆژەکە ڕێکدەخات سەبارەت بە سودەکانی گشتگیری ئابوری و شیکردنەوەی باشترین ڕێگاکانی بەکارهێنان و سودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سود و خزمەتگوزاریەکانی بانکی. ئەوەش لەگەڵ دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکدەگرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی ئابوری مۆدێرن و پێشکەوتوو.
ماریۆ مەکاری، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ڤیزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەم ڕێكکەوت ڕایگەیاند "هۆشیاری و گشتگیری ئابووری بناغەی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئابوورین.
لەڕێگای هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەردەستکردنی ئامرازی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە داراییەکانیان بە شێوازێکی کارا، ئەوا دەتوانین بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی خۆڕاگر و بەهێز لەڕووی ئابووریەوە دابنێین.
ڤیزا پابەندە بەو ڕۆڵە گرنگەی پێیدراوە لەو قۆناغە ڕاگوزەرییە لە هەرێمی کوردستان لەڕێگای بەگەڕخستنی ئەزموونی کۆمپانیاکەمان لەسەرانسەری جیهان بۆ درووستکردنی ئابووریەکی دیجیتاڵی پارێزراو".
ئەم هاوبەشییە پابەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزا دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان لەڕێگای کاش و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانکییەکان و بنیاتنانی ئابووریەکی دیجیتاڵی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.
شایانی باسە، پڕۆژەی هەژماری من، پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.
بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بە ژمارە 1991 بکەن یاخود سەردانی www.myaccount.gov.krd بکەن.