هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا بڕی زیاتر لە 822 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتى عێراق ماوە.
دەقی ڕاگەیانداوەکە:
کۆی تەموویلی مووچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ساڵی 2024بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات دادپەروەر نەبووە و پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ بەربەست، بەپێی کەشفی حسابی وەزارەتمان لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەرێم/ هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەنها (10,026,883,844,549) دیناری وەک شایستەی مووچوخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2024) ناردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی (726,995,775,414) دیناری وەک لێبڕینی خانەنشینی و باجی داهات لە کۆی تەرخانکراوی هەرێم بڕیوە، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم تەرخان کراوە، بەپێی خشتەی (هـ) لە یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024)، بریتییە لە (11,576,521,335,000) دینار، بەمەش دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان بڕی (822,642,015,037) دیناری لە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی ( 2024) لای حکومەتی فیدراڵی ماوە.