دواین هەواڵ

کوردستان‌

 06/12/2024

مەزڵوم عەبدی: لەسەر دۆخی سوریا لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکا هەماهەنگیمان هەیە

هەرێم نیوز

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت، دۆخێكی نوێ لە سوریا هاتووەتە ئاراوە و داعش دەستیكردووەتەوە بە هێرشكردن. دەشڵێت ئێمە خوازیاری کەمبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکانین و بەدوای ڕێگەچارەیەکی سیاسیدا دەگەڕێین.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" رایگەیاند، لە حەلەب بەرگری لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەكەن و پەیوەندییان لەگەڵ "تەحریر شام" هەیە و گفتوگۆ دەكەن، تائێستا بڕیاریان نەداوە دژی ئەو گروپە شەڕ بكەن.

ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا ژیانی 250 هەزار هاووڵاتی كورد لە حەلەب لە مەترسیدایە، دەشیانەوێت كێشەكانیان لەگەڵ توركیا بە دیالۆگ چارەسەر بكەن.

سەبارەت بە ئاوارەكانی شەهبا مەزڵوم كۆبانێ وتی، بەهاوكاری ئەمریكا توانیوانە تەواوی ئاوارەكانی شەهبا رزگاربكەن، بەڵام داعش لە نزیك كەمپی هۆل هێرشیكردووە و مەترسی لەسەر دانیشتووانەكەی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەتا ئێستا ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی ئێمە و گرووپی تەحریر شامدا نەهاتۆتە ئاراوە.

لەبارەی عێراقیش وتی، لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەتایبەت عێراق، سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندیداین.

مەزڵوم عەبدی وتی: نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵمان لە پەیوەندیدان بۆ بەشداریکردن لە چارەسەری سیاسی لە سوریا و بەردەوام لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکا هەماهەنگیی ڕاستەوخۆمان هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP