هەرێم نیوز
حکوومەتی سوریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، ڕایدەگەیەنێت کە توانیویانە ئۆپەراسیۆنێکی گواستنەوەی چەک و مووشەکی پێشکەوتوو لە سنووری عێراقەوە بەرەو لوبنان پوچەڵ بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بە هەماهەنگیی نوێ لەگەڵ دیمەشق دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی حزبوڵای لوبنانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 7ـی 2026، حکوومەتی سوریا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا توانیویانە ڕێگری لە گەیاندنی بارێکی چەکی قورس بکەن کە لە ڕێگەی سنووری عێراقەوە بەنیاز بوون بیگوازنەوە بۆ ناو خاکی لوبنان.
ئەم هەنگاوەی دیمەشق هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندووە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، پلانی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی حزبوڵای لوبنانی لە ناوچەکەدا.
ترەمپ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکات شەرع بە شێوازێکی جیاواز و وردتر لە ئیسرائیل ئەم ئەرکە ئەنجام بدات، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی و وێرانکاریی بەرفراوان لە باڵەخانەکاندا دروست بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە ئێستادا بیر لەوە دەکاتەوە کە پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی تەواو بۆ ئیدارەی نوێی سوریا دابین بکات تاوەکو دەست بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بکەن.