دواین هەواڵ

کوردستان‌

 03/12/2024

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سزادانی فرۆشیارانی سیمکارتی بێ مۆڵەتی دەستپێکرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆ سزادانی فرۆشیارانی سیمکارتی بێ مۆڵەتی دەستپێکرد، وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ژمارەیەك دوكان لەلایەن پۆلیسی رێكاری لە هەولێر داخران و ڕێوشوێنی یاسایی و دارایی توند لە بەرانبەریان دەگیرێتەبەر.

هێمن میرانی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی كۆنترۆڵكردنی سیمكارتی بێ مۆڵەت، ژمارەیەك دوكان لەلایەن پۆلیسی رێكاری لە هەولێر داخران و ڕێوشوێنی یاسایی و دارایی توند لە بەرانبەریان دەگیرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، هەر بریكارێكی كۆمپانیاكانی مۆبایل یان هەر فرۆشگە و دوكاندارێك، بێ تۆماركردن و گواستنەوەی خاوەندارێتی، سیمكارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بفرۆشێ، بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

وتیشی، وەزارەتی ناوخۆ رژدە لە سنووردانان بۆ ئەوانەی بیانەوێ یان بە بێ ئاگایی، بەشداری دەكەن لەگەڵ تاوانكاران و سیمكارتیان پێ دەفرۆشن، بۆ ئەوەی چەندان جۆری تاوان ئەنجام بدەن.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ڕێنوێنیی بڵاو كردەوە كە نابێت هیچ كەسێك سیمكارتی بێ‌ مۆڵەت بفرۆشرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP