دواین هەواڵ

کوردستان‌

 03/12/2024

ڕۆژنامەیەک؛ پرۆسەی ڕاگواستنی کورد لە سوریا دەستی پێکرد

هەرێم نیوز

رۆژنامەی (العرب):لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایدەكەن، رێگە بە هەندێك خێزانی كوردی ئاوارەی عەفرین دراوە گەڕەكی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە چۆڵبكەن و بەرەو تەبقە بڕۆن لە ریفی رەقە، ئەو پێشهاتەش لەكاتێكدایە هۆشداری دەدرێت لە بوونی خواستێكی خراپ بۆ راگواستنی پێكهاتەی كورد لە ناوچەكە.

ئاماژە بەوەشدراوە، نزیكەی (150) هەزار كوردی سوریا لەگەڕەكی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە ریفی باكوری حەڵەب نیشتەجێن.

 روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: پرۆسەی راگواستنی پێكهاتەی كورد لە ئارادایە بەسەر پەرشتی توركیا و وڵاتانی تر، دوای ئەوەی بەناو سوپای سوریای ئازاد سێ‌ كەسیان لە تەل رەفعەت سەربڕی.

لە راپۆرتەکەشدا هاتوە،  ئەمڕۆ هەندێك دەنگ لەناو توركیا قسە لەبارەی (حەڵەب 82) دەكەن، كە مانای ژمارەی ویلایەتێكی نوێی توركیایە.

 ئەنقەرە پرۆسەی "بەیانی ئازادی" راگەیاندووە كە لەلایەن بەناو سوپای ئازادەوە جێبەجێدەكرێت، لەپێناو راگواستنی كورد لە ریفی باكوری حەڵەب.

تەل رەفعەت لەبنەمادا ناوچەیەكە زۆرینەی عەرەبە، بەڵام دوای ئەوەی ئەنقەرەو گروپە هاوپەیمانەكانی لە ساڵی (2018) هێرشیان كردە سەر عەفرین، دەیان هەزار خێزانی كورد هانایان بۆ ئەوێ‌ برد.

توركیا بەدرێژایی ساڵانی رابردوو ئاماژەی بە پەلاماردانی ناوچەی تەل رەفعەت و منبج كردووە، بەوپێیەی بەشێكن لە ناوچەی ئارام، كە بەنیازە لەنزیك سنورەكانی باشوری دروستی بكات.

هاوکات،  ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەر بڵاوی کردووتەوە، لە دوای هێرشی گرووپەکانی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی تەل ڕەفعەت و گوندەکانی دەڤەری شەهبا هەڵهاتوون و بەشێک لە کوردە ئاوارەکان گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.

 ئاشكراشی كردووه‌، زیاتر له‌ دوو سه‌د هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارە بوون و به‌شێكیان بۆ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌ گوازتراونه‌ته‌وه‌. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدەن هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی دەوروبەری پارێزگای حەلەب کە ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بیانگوازنەوە.

 له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، فەرهاد شامی گوتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند، بەشێک لە ئاوارەکان بە کاروانێکی چەند سەد ئۆتۆمبێل بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شارۆچکەی تەبقە و گوازراونەتەوە، ده‌شڵێت: هه‌وڵ ده‌ده‌ین هەموویان بە سەلامەتی بگوازینه‌وه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP