دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

فەهمی بورهان: سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەرنەگیرێت، ئەنجامەكانی ئەو سەرژمێرییە پەسەند ناکەین

هەرێم نیوز 

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕاگەیاند، پڕۆسەی سەرژمێری لەڕوی ئیدارییەوە سەركەوتوبو، بەڵام كورد هێشتا نیگەرانە لە هەندێك واقع كە دروستكراوە و لەهەندێك ناوچەی كوردیش پڕۆسەكە ئەنجام نەدراوە، هەروەها دەشڵێت، "تا سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەرنەگیرێت، ئەنجامەكانی ئەو سەرژمێرییە پەسەند ناكەن".

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی سەرژمێری لەڕوی ئیدارییەوە سەركەوتوبو، بەڵام كورد هێشتا نیگەرانە لە هەندێك واقع كە دروستكراوە، لە ژمارەیەك ناوچە سەرژمێری ئەنجام نەدراوە و لەهەندێك ناوچەی كوردیش تابلێتەكان كاریان نەكردوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە زۆرجێگە كە خاڵی هاوبەش بوە لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام نەدراوە، هەروەها لە ژمارەیەك گەڕەكی خواروی كەركوك زیادەڕەویكراوە، هەرچەندە نەمان ویستوە زۆر تێبینی بخەینەڕو بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا هەیە بمێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە وەك كورد زۆر نیگەرانین".

فەهمی بورهان باسی لەوەشكرد، "كاتێك ئەنجامی سەرژمێری پەسەند دەكەن، كە لیژنە هاوبەشەكەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی پێداچونەوە و وردبینی بە ناوەكاندا بكەن و لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957، هەرسێك ناوی لەسەرژمێری 1957دا نەبو، بەڵام ناوی لە سەرژمێریەكەدا تۆماركرابو بگوازرێتەوە بۆ ناوچەكەی خۆی، بڕیاریشە تا لیژنەكە كارەكانی تەواو نەكات ئەنجامەكان ڕانەگەیەندرێن".


ئەوەشی خستەڕو، ڕێككەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند كراوە، ئەوان ئەوكاتە سەرژمێری بە دوا بڕیار وەردەگرن، كە سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەرگیرابێت بۆ سەرجەم ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەش لە خانەقینەوەی تا شەنگال دەگرێتەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP