هەرێم نیوز
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە سنووری قەزای ڕانیە بەهۆی تەقینەوەی بتڵێکی غاز لە ناو ماڵێکدا، منداڵێک گیانی لەدەست دا و پێنج ئەندامی خێزانەکەش بریندار بوون.
ڕووداوەکە لە گوندی "دێرێ"ی سەر بە شارەدێی سەرکەپکان ڕوویداوە. بەپێی زانیارییەکان، بتڵێکی غاز لە ناو ماڵێکدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن ٢ ساڵ دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە ڕایگەیاند: بەهۆی ڕووداوەکەوە ٥ کەسی دیکەی هەمان خێزان بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش کرد کە برینی یەکێک لە بریندارەکان سەختە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری چڕ و پێویست، سەرجەم بریندارەکان دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانەی ڕانیە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.