دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

مەسرور بارزانی: نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێك لەو جەنگەی لە ناوچەكەدا هەیە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەت لەمیانی بەشداریکردن لە دیدارێک لە کۆڕبەندی مێپس2024، ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ ئاشتی پێویستە پستگیری بکرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە میانەی بەشداریکردنی لە مێپس2024 ئاماژەی بەوەدا، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە.

ڕاشیگه‌یاند، بە دڵنیاییەوە نیگەرانین و بە گرنگییەوە لەم پرسە دەڕوانین، نامانەوێ عێراق بخرێتە نێو ئەو جەنگەی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. نامانەوێ عێراق ببێتە هۆی خۆشكردنی ئاگرەكە و ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق نابێت.

مەسرور بارزانی لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا، ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقن لەسەر داواكاریی حكوومەتی عێراق، هۆكاریش هەبوو بۆ ئەمە. ئەوكات داعش هەبوو و تیرۆر گەشەی دەكرد و هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهان. ئەوكات پێشمەرگە دژی داعش دەجەنگا. هاوپەیمانان هاریكارییان كردین و بە سوپاسەوە هاوپەیمانێتییان هەبوو بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق و لە چوارچێوەی عێراقیش، كوردستان.

وتیشی، ئێستا ئەگەر عێراق پێیوابێت تیرۆر كۆتایی هاتووە، بۆیە هێزەكانی ئەمریكا پێویست نین و دەبێ ئەركیان كۆتایی بێ، ئەمە دۆخێكی جیاوازە و دەكرێ بۆچوونی جیاوازمان هەبێت. پێمانوانییە تیرۆر كۆتایی هاتووە و پێمانوایە داعش هێشتا كارایە و نەك هەر لە عێراق، بەڵكوو لە ناوچەكە و لە جیهان.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌یدا وتی، ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەمریكا و تەواوی هاوڕێ ڕۆژئاواییەكانمان هەیە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ناتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ چین و وڵاتانی دیكەی جیهان هەیە. ئێمە خوازیارین هاوڕێكانمان كێبڕكێ بكەین كە كێ دەیەوێ بێ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكات؟ كە لایەنێك نەیەوێ وەبەرهێنان بكات، نابێ ڕێگری لەوە بكات كە ئەوانی تر بێن وەبەرهێنان بكەن.

مه‌سرور بارزانی، ڕاشیگه‌یاند، ئێمە پەیوەندیی باشی ئابووری و بازرگانیمان لەگەڵ توركیا هەیە، تێگەیشتنمان لەسەر پرسە ئەمنییەكان لە هەرێمەكە هەیە. ئێستا توركیا خوازیارە كە ڕێگەچارەی ئاشتییانە لە هەرێمەكە بێنێتە ئاراوە، منیش ئەمە وا پێناسە دەكەم كە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشە و باشتر بووە. لەگەڵ توركیا پەیوەندیی باشمان هەیە، كۆمپانیا رووسییەكان لە كوردستان كار دەكەن، ڕۆز نەفت و گازپرۆم هەن و لە كوردستان و تێكڕای عێراقیش كار دەكەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP