دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

پەیامی پارتی لە کەرکووکەوە: ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش کرد

هەرێم نیوز

هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد، کە ئەویش یەک گوتاری سیاسیی یەکگرتووی نێوان هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو لە کەرکووک.

دەشڵێت، ئەوەی گرنگە؛ تێپەڕاندنی ئاڵۆزی و گرێی دەروونییە، کە خۆپارێزییە لە تەفرەقە و پەرتەوازەیی. ئەم ئەزموونە ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین بەڵام بە مەرجێک یەکڕیز و تەبا و راستگۆ بین، گرنگە تەبایی و یەکڕیزیی بەردەوام بێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی:

جەماوەری بەشەرەف و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەری شاری کەرکووک و دەوروبەری، سڵاوێکی گەرمتان پێشکەش دەکەین لەپای بەشداریکردنتان لە سەرژمێری عێراق، بە گەڕانەوەتان بۆ کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە ناونووسکردنتان، دڵسۆزیتان بۆ وڵات، بۆ نەتەوەکەمان و خوێنی شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان سەلماند.

نەهێشتنی ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی لە کەرکووک ئەو ئامانجە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە میوانداری و دەستپێشخەرییەکەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری کەرکووک، لە رۆژی 13-11 ئەنجامی دا کە بەرپرسی یەکەمی هەموو حزب و پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کۆبوونەوە، بە گوتارێکی سیاسی و بەیاننامەیەکی هاوبەش بەڵێنماندا هەمووان پێکەوە وەک یەک تیم، دەست لەنێو دەست هەوڵ بدەین، هاووڵاتیانی کوردی رەسەنی شارەکە و دەوروبەری هان بدەین رێگایان بۆ خۆش بکەین کە بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و شوێنەکانی خۆیان، لێرە خۆیان ناونووس بکەن. کە ئەوەش بۆ ئایندەی کورد لە شارەکە کارێکی ستراتیژی مەزن بوو.

ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد، کە ئەویش یەک گوتاری سیاسیی یەکگرتووی نێوان هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو لە کەرکووک.

ئەوەی گرنگە؛ تێپەڕاندنی ئاڵۆزی و گرێی دەروونییە، کە خۆپارێزییە لە تەفرەقە و پەرتەوازەیی. ئەم ئەزموونە ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین بەڵام بە مەرجێک یەکڕیز و تەبا و راستگۆ بین، گرنگە تەبایی و یەکڕیزیی بەردەوام بێت، لە سەر ئاستی جیاجیای سیاسی و رۆشنبیری و هونەری و هەمەچەشنی. چونکە مەرج نییە ئەم دۆخە سیاسییەی عێراق لە ئاستێکدا بمێنێتەوە کە وەک بۆ سەرژمێری رەخسا بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە بین.

زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت جەنابی سەرۆکی حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کە زۆر هاوکار بوون بۆ سەرخستنی پلانی گەڕانەوەی کوردەکانی خۆمان بۆ کەرکووک و شوێنەکانی تری چوارچێوەی مادەی 140، هەرچەند دڵنیاین رێژەیەکی زۆر لە کوردی کەرکووک و دەوروبەری بە هۆکاری جیا جیا نەیانتوانی بگەڕێنەوە شوێنی رەسەنی خۆیان بۆ خۆتۆمارکردن، چ لە هەرێمی کوردستان بووبن یان شارەکانی تری عێراق و دەرەوەی وڵات.

سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەڤاڵانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتەکانی تری عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین، کە پێکەوە کاریان لەسەر سەنگ و دەنگی کورد کرد بۆ خۆتۆماردکردنیان هاوشان لەگەڵ پێکهاتە رەسەنەکانی تری شارەکە.

لە کۆتاییدا، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان گیانی تەبایی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە و دەوروبەری بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان بە پێویست و گرنگ دەزانین، هەمیشە دەمانەوێ بەیەکەوە خزمەتی خاک و خەڵکی کوردستان و دانیشتووانی کەرکووک و دەوروبەری بکەین.

سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاری خەڵکیان کرد و هاووڵاتیانیان لە جێگە و رێگەی رەسەنی شارەکە و شوێنەکانی تر حەواندەوە.

سوپاس بۆ هەموو میوانخانە و شوێنە گشتییەکان و کە ئامادەبوون هاوکاری خوشک و براکانیان بکەن. سوپاسی یەکە ئیدارییە تایبەتمەندەکانی شارەکە و تیمەکانی سەرژمێری و بازگەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هاوکار بوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

بژی کورد

بژی کوردستان

بژی یەکڕیزی و پێکەوەژیانی هاوبەش بۆ نەتەوە رەسەنەکانی کەرکووک.

هیوا ئەحمەد مستەفا
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان

تشرینی دووەم
21-11-2024



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP