هەرێم نیوز
سەرۆککۆماری ڕووسیا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و هەردوولا جەخت لەسەر گرنگی هەوڵی زیاتری وڵاتانی زلهێز دەکەنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و فراواننەکردنی بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-11-2024، ڤیلادیمێر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا پەیوەندیی تەلەفۆنی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا کرا، هاوکات ڕێگاکانی پەرەپێدانیان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست بەدی بهێنێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە پێشهاتەکان و بارودۆخی ناوچەکە کرا و جەخت لەسەر گرنگی هەوڵی زیاتری وڵاتانی زلهێز کرایەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و فراواننەکردنی بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بکات.
ئەوەش هاتووە، هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی وزە و گرنگی هەماهەنگی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار، لەناو ئۆپێک و گروپی ئۆپێک پڵەس، بە مەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت و گاز لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکدا کە گەرەنتی نرخی دادپەروەرانە بۆ هەناردەکاران و بەکاربەران بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەوە پەیوەندییەی سەرۆککۆماری ڕووسیا لە کاتێکدایە، عێراق کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی ئیسرائیل دوابەدوای ئەو سکاڵانامەیەی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو دژ بە عێراق، کە تێیدا تۆمەتباری دەکات بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.