دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

وادەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتیی راگەیەنرا

هەرێم نیوز 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەو ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی11ی2024 مەحموود عوسمان ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە سبەی شەو ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رابگەیەنرێت.

وتیشی، ئەنجامی سەرژمێریی لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگا، قەزا و ناحیەکان ڕادەگەیەنرێت.

مەحموود عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی هەرێـمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، کە نابێت ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 رابگەیەنرێت، تاوەکو ئەو بەراوردە تەواو دەبێت کە لەنێوان داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی پلاندانان و کۆچ وکۆچبەران و تۆماری سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکرێت.

مەحموود عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی ئەو ناوچانەیان داوەتە حکومەتی عێراق کە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقن و نابێت ئەنجامەکەی ڕابگەیەنرێت. 

لای خۆیەوە، حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کاتژمێر 12ی شەوی پێنجشەممە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان کۆتایی دێت، بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێر بۆ 72 کاتژمێر ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتوان رابگەیەنرێت. هەرچی ئەوەی تایبەت بە داتا و زانیاریی کۆتایی و وردەکاریی کەرتەکانی دیکە ئەوا لە دوو مانگی دیکە ڕادەگەیەنرێت". 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ی ئە مانگەدا، رەزامەندی لەسەر داواکارییەکی هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە، بڕیاردرا ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 ڕانەگەیەنرێت، تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارکراوان لە رێگەی لیژنەیەکەوە ناوەکانیان بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان دەگەڕێنرێنەوە و لەسەر هەمان شوێن هەژمار دەکرێن."

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 5ی ئەم مانگەیدا لەسەر داوای هەرێمی کوردستان 7 بڕیاری دیکەی پەسند کرد کە بریتی بوون لە:

یەکەم: پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی (73/ فیدراڵی/2010) تایبەت بە سەرژمێریی دانیشتووان.

دووەم: لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تیمێکی هاوبەش لە هەرسێ نەتەوەی (عەرەب، کورد و تورکمان) کاری سەرژمێری دەکەن. کەسێکی کریستیانیش لە ناوچە زۆرینە کریستیاننشینەکان لە تیمەکە دەبێت. 

سێیەم: دەستەی ئامار و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، بەراوردی خشتەی داتای وەزارەتەکان لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری دەکەن لە:

- تۆماری وەزارەتی ناوخۆ، سەرژمێریی 1957 و نوێکردنەوەی.
- تۆماری وەزارەتی بازرگانی و داتای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران.

چوارەم: ئەنجامی سەرژمێریی گشتی و داتاکانی تایبەت بە سەرژمێری لەگەڵ تۆمارە هاتووەکان لە بڕگەی سێ بەراورد دەکرێن. ئەو کارە لە پسپۆڕیی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەگوێرەی رێککەوتنی هاوبەش. لیستێکی تایبەت بەو ناوچانە رێکدەخرێت کە ئەنجامەکەی بەراوردکردنی داتاکانی تێدایە. وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان هەریەکەکان کۆپییەکی ئەو تۆمارەیان لادەبێت.

پێنجەم: پابەندبوون بە رێکخستنی خشتەی سەرژمێری لەبارەی ژمارەی کۆچپێکراوان و ئاوارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگاکانی دیکە بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان.

شەشەم: تیمێکی تەکنیکیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ژووری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری دەبێت، بۆ ئاگاداری و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و دڵنیابوون لە سەلامەتیی رێکارەکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی، تاوەکو تەواوبوونی پرۆسەکە.

حەوتەم: پابەندبوونی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، کە دەستبەجێ خولی راهێنانی چڕ بۆ سەرژمێرکاران بکاتەوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە 20ی تشرینی دووەمی 2024دا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP