هەرێم نیوز
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە قۆناغێکی گرنگی جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتیداین و لە 16ی مانگەوە سەرژمێری لە هەولێر دەستیپێکردووە و وتیشی، “97%ی دانیشتووانی هەولێر لە سەرژمێری تۆمارکراون”.
ئومێد خۆشناو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ گروفتێک لە پارێزگای هەولێر رووینەداوە و کارەکانی سەرژمێری بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچن و بڕیاڕی قەدەغەی هاتوچۆ بەبێ هیچ رێکارێک دەڕوات بەڕێوە و هاوڵاتییان پەیڕەوی بڕیارەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان و هاوڵاتییان هاوکاری یەکترن و ئەوەش بابەتێکی جێگەی دڵخۆشییە، هاوکات زۆرینەی ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی دیکەن و لە سنووری پارێزگاری هەولێر نیشتەجێبووبوون، بە لێشاو گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان کە ئەوەش بابەتێکی گرنگە و جێگەی پێزانین و تەقدیرە.
پارێزگاری هەولێر، ڕاشیگەیاند "ئێمە سوپاسی هاوڵاتیانی شاری هەولێر دەکەین، کە ڕێنماییەکانیان بەباشی جێبەجێ کردووە، هەروەها سوپاسی ئەو هاوڵاتییانە دەکەین کە لە سنووری پارێزگاى هەولێر نیشتەجێ بوون، بەڵام بەهۆی ئەو پرۆسە گرنگە بە لێشاو چوونەتەوە زێدی خۆیان و خۆیان تۆمار دەکەن".
ئەمەش لە کاتێکدایە، نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.11.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێرى گشتیى، بە یاوەرى دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى ئامارى هەولێر، لە گەڕەکى تەیراوەى شارى هەولێر، لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە سەردانی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى ئامارى کرد.
جێگەى باسە، ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت.