هەرێم نیوز
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان تاکوو سەرژمێر بکرێن و بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس بکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوموتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داتاو زانیاری ڕایگەیاند، بە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، توانیمان بە سەرکەوتووی بگەینە یەکەم ڕۆژی سەرژمێری.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هاووڵاتییانەی کە ئەمڕۆ و سبەینێ لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانن هەر لەسەر ئەوێ تۆماردەکرێن و ئەو نووسراوەشی ڕەتکردەوە کە بەناوی وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات هەر خێزانێک کە لە کاتی گەمارۆداندا تۆمارنەکرابن، ئەمڕۆ و سبەینێش لە سەرژمێرییەکەدا تۆمارناکرێن.
وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاند سەرژمێرییەکە دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر یاری بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکرێت.
وتیشی "سوپاسی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەین، کە گەڕاونەتەوە شوێنی مێژووی باب و باپیرانیان، هیوادارین ئەوانەشی ماون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بۆ ئەوەی سەرژمێر بکرێن، چونکە ئەوەی لە 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێری دەکرێت بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناونووس دەکرێن".
ئەمڕۆ و سبەینێ سەرژمیری گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و بەو هۆیەشەوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە.