هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە پارتی ڕایگەیاند، شاندێکی پارتی بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی، کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان دەکات.
سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکات."
ئاماژەی بەوەش کرد، "پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەند لایەنی سیاسیی کردووە، لەم گەڕەشدا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات و دەیەوێت حکوومەتێک پێک بهێنرێت کە زۆرترین لایەن تێیدا بەشدار بن".
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەنێو کارنامەی سەردانەکەماندایە و هەڵبەتە لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆمان دەبێت، بەڵام جارێ دیار نییە کۆبوونەوەکەمان هەفتەی داهاتوو دەبێت یان ڕۆژێکی دیکە".
ئاماژەی بەوەش کرد "دوای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامی تانەکان ڕادەگەیەنێت و ئەو کات بەرچاو ڕوونییەکی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکان دروست دەبێت لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان".