هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی رایدەگەیەنێت، کوردانی تاراوگە کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن حکومەتی عێراق و هەرێم هەماهەنگیان کردووە کە لە ڕێگەی سەفارەتەکانی خۆیەوە پرۆسەی سەرژمێری لە دەرەوەی خاکی خۆی بۆ ئەو کەسانە بکات.
شوان جەبار، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی رایگەیاند: لە قۆناغی دووەمدا دوای کۆتایی هاتنی لە عێراقدا، بەشیوازێک ڕەنگە بە چەند ڕێنماییەک ئەنجام بکرێت، واتە دانیشتوانی دەرەوەی عێڕاق بێبەش نابن لە سەرژمێری.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرژمێریەکە زۆر وردە و هەموو شتێکی تێدا یەکلا کراوەتەوە، تەنانەت باس لە قۆناغی نیشتەجێبوونی پێشتری دەکرێت، لە کام شارەوە هاتوویت؟ ئەوەش تۆمار دەکرێت و هۆکاری گۆڕینی پارێزگاکەی دیاری دەکرێت.
وتیشی: دیموگرافی هیجرە لە عێراق دەستنیشان دەکرێت، کەواتە عێراق دەبێت مشووری ئەو هاووڵاتیانەی بخوات کە لەدەرەوە دەژین و تەنها کورد نین، بۆیە لە قۆناغی دووەمدا بە پلان سەرژمێری ئەوانیش ئەنجام دەدرێت.
تیمەکانمان کەمترین ئاستەنگیان هەیەکە شیاوی وتن نین، هۆکارەکەش بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری و بە گرنگ بینینی پرۆسەکەیە لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
راشیگەیاند: هاووڵاتیانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و نیشتەجێی هەرێم لە سەرەداتا ڕێگریان لە تیمەکانمان کرد کە لەسەر هەرێم ناویان تۆماربکرێت، بۆیە خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، خەڵکێك هەیە لە ئەوروپاوە سەفەری کردووە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەکە بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سبەینێ چوارشەممە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، تیمەکانی سەرژمێریش سەرقاڵی پرۆسەکەن