هەرێم نیوز
بەگوێرەی نوسراوێك، كە واژۆی بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی لەسەرە و ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کراوە، هەر فەرمانبەرێک داوای خانەنشینبوون دەکات، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی ڕاژەی 15 ساڵ بێت. ئەوانەشی تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاترە، دەبێت ڕاژەی خزمەتیان 25 ساڵ بێت.
هەر بەپێی گشتاندنەكە، ئەو فەرمانبەرانەی لەپێش 1-1-2020 فەسڵ کراون یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و 20 ساڵ خزمەتیان هەیە، دەتوانن خانەنشین ببن.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەوانەشی لە پێش هەمان ڕێکەوت فەسڵ کراون یان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە و 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، بە هەمان شێوە دەتوانن مامەڵەی خانەنشینبوون بکەن.
دوابەدوای بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن بە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014، خانەنشین كردنی فەرمانبەران بەپێی ئەم ڕێكارانە دەبێت، كە لە یاساكەدا هاتووە:
مادەی 10: خانەنشینکردن/ فەرمانبەر لەم دوو حاڵەتەی خوارەوە خانەنشین دەکرێت:
یەکەم: ئەگەر فەرمانبەر تەمەنی 63 ساڵی تەواو کردبێت، کە تەمەنی یاساییە بۆ خانەنشینکردن، بەبێ رەچاوکردنی ساڵەکانی خزمەت خانەنشین دەکرێت.
دووەم: ئەگەر لێژنەی پزیشکی بڕیاری نەتوانین (عدم صلاحیە) بدەن بۆ خزمەتکردن.
مادەی 12: فەرمانبەر دەتوانێت داوای خانەنشینی بکات بە مەرجێک تەمەنی لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت و ساڵەکانی خزمەتی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
مادەی 13: هیچ یەکێک لە لابردن، وازهێنان، دەستلەکارکێشانەوە یان فەسڵکردن، نابێتە ڕێگر لە شایستەبوون بۆ مافی خانەنشینی.
مادەی 25: ئەگەر فەرمانبەر لە کاتی خزمەت یان خانەنشینی دا مرد، نەوەکانی بۆیان هەیە داوای مافی خانەنشینیی بکەن.
مادەی 31: ئەگەر فەرمانبەری خانەنشینکراو، بڕیاری لەسێدارەدان یان بەندکردنی بۆ دەربچێت، یان تاوانبار کرابێت بە تێکدانی ئاسایشی وڵات و کردەوەی تیرۆریستی، بێبەش دەکرێت لە هەموو شایستەکانی خانەنشینی.