دواین هەواڵ

ئابوری‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

لیستی مووچەی مانگی تەمووز و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لیستی مووچەی مانگی تەممووز و تەرازووی پێداچوونەوەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد؛ هاوکات بڕیارێکی نوێشی لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەست بڵاوکردەوە.

ڕادەستکردنی لیست و تەرازووی پێداچوونەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لیستی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئامادە کراوە و بە فەرمی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، جگە لە لیستی مووچەی مانگی تەممووز، هاوکات ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیشیان ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا کردووە.

گەڕاندنەوەی ٩٨١ فەرمانبەری گرێبەست بۆ لیستی مووچە
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتوو، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی، ناوی ٩٨١ فەرمانبەری گرێبەست کە تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ تێپەڕیبوو، ڕێکخرایەوە و داخڵی لیستی مووچەی مانگی تەممووز کرانەوە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ (٢٠٢٦) لە خزمەتکردن بەردەوام دەبن و مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP