هەرێم نیوز
پارێزگاری سلێمانی ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزین دەدات و ڕایدەگەیەنێت، پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ڕێکخستنی نرخەکان.
جێبەجێکردنی بڕیاری بەنزینی حکومی
ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزینی حکومی لە سلێمانی پێشتر و ئێستاش بۆ ئەو بڕەی لەلایەن حکومەتەوە دابینکراوە بە تەواوی جێبەجێ کراوە.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستاش پابەندن بەو بڕیارەوە بۆ ئەو بڕە سووتەمەنییەی کە بە فەرمی و دیاریکراوی پێیان دەگات. ڕوونیشی کردەوە کە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە، بڕە بەنزینەکە بەسەر چەند بەنزینخانەیەکدا دابەش دەکرێت و بە نرخی فەرمیی دیاریکراو دەفۆشرێتە هاووڵاتییان.
مەرجەکانی گەیشتنی بەنزینی بازرگانی بە ٨٥٠ دینار
سەبارەت بە نرخی بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر خستیە ڕوو، کە پاڵاوگە گەورەکان لەژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا ئەو نرخە دیاری دەکەن.
جەختیشی کردەوە کە کاتێک بڕی پێویست بە نرخە نوێکە گەیشت، بە زامنکردنی کوالێتی، زیادکردنی بڕەکەی و پاراستنی مافی یاسایی سوودی دارایی بەنزینخانەکان، وا بڕیارە بە ٨٥٠ دینار بگاتە دەست هاووڵاتییان.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، هەموو لایەک سەرپشک کراون کە بەنزین و سووتەمەنی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن، بە مەرجێک پابەندی مەرج و کوالێتییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بن و لەژێر چاودێریی لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکاندا لە بازاڕەکانی کوردستان و سلێمانی بفڕۆشرێن.