هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای ئەمنی داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە ڕۆژی سەرژمێری گشتیدا ئامادەبن لە ماڵەوە بە ڕاستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-11-2024، پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیکردنی رێبەر ئەحمەد وەزیری پارێزگارى هەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بوو بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بایەخ و گرنگی پرۆسەی سەرژمێری گشتی کرا و هانی هەموو هاووڵاتیان درا کە بە ئامادەبوون لە ماڵەوە بە ڕاستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بکەن.
ئاشکراشیکرد، ئەوەی پەیوەندی بە هاونیشتیمانیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە بە ناوچەکانی ماددەی 140 ناسراون، کۆبوونەوە هانی هاووڵاتیانی دا، ئەوانەی دەتوانن شوێنی مانەوە دابین بکەن، لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی 17 تا 19ى تشرینی دووەم تۆمار بکرێن.
جەختی لەوەشکردەوە، لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمیش داتاکانیان پشت ڕاست بکرێتەوە و لەو ناوچانە کە زێدی خۆیان و باب و باپیریانە، تۆمار بکرێن.