هەرێم نیوز
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارئاسانییان بۆ فەرمانبەر و قوتابییانی سنووری مادەی 140 کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە. دەشڵێت، "گەرەنتیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رۆژی سەرژمێری و دواتریش دەستکاری رێژەی دانیشتووان نەکرێت"، لەبارەی موچەی فەرمانبەرانیشەوە وتی، "بەڵێن دراوە چارەسەرێکی یاسایی بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی 11ی 2024، ئومێد سەباح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کارئاسانییان بۆ فەرمانبەر و قوتابییانی سنووری مادەی 140 کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە. دەشڵێت، "گەرەنتیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رۆژی سەرژمێری و دواتریش دەستکاری رێژەی دانیشتووان نەکرێت".
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وتی، "لە دوایین سەردانی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان پرسی مووچە بابەتی گەرمی نێوان بەڕێز سوودانی و بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵێن دراوە چارەسەرێکی یاسایی بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە".
لەبارەی دانوستاندنی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیشە ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، لیژنەیەکی گفتگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان دروستکراوە، دەستپێکراوە و بەردەوامیش دەبین، سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین بەبێ جیاوازی".
ئومێد سەباح داوا لە هاوڵاتییانی سنووری کەرکووک دەکات لە رۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە و دەڵێت، "وەکو کەرکووکییەک داوا لە هەموو کەرکووکییەک دەکەم بگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری بۆ ئەوەی ئێستا و ئایندەمان مسۆگەر بێت و مافەکانمان زامنتر بێت".
وتیشی، "پێشتر گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ بەغدا کرد و کارمان لەسەر ئەوە کردووە و گەرەنتیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رۆژی سەرژمێری و دواتریش دەستکاری رێژەی دانیشتووان نەکرێت و سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە پێوەر".