دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16/11/2024

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن 38 تانە ڕەتدەکاتەوە

هەرێم نیوز

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق 38 تانە لەبارەی هەڵبژاردن بە ڕەتکردنەوە یەکلادەکاتەوە و ئەو تانانەشی ماون لە داهاتوودا یەکلاییان دەکاتەوە.

دواى ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 41 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنە سیاسی و کاندیدەکانەوە پێشکەش بە کۆمیسیۆن کرابوون، کۆمیسیۆنیش تانەکانی ڕەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردبوو بۆ ئەوەی یەکلاییان بکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، دەستەی دادوەریی وەڵامی 38 تانە کە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوون، داوەتەوە و وەڵامی ئەوانەی ماونەتەوە، لەم هەفتەیەدا دەدرێتەوە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 31ی10ی2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.

بە گوێرەی یاسا، پێویستە دەستەی دادەوەریی 10 ڕۆژ دوای وەرگرتنی تانەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، وەڵامی تانەکان یەکلایی بکاتەوە. بڕیاریش وایە، دوای یەکلاییبوونەوەیان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP