هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە، بژمێرەكانی پرۆسەی سەرژمێری بە گەڕەك و كۆڵانەكانی سنووری پارێزگای هەولێر بڵاودەبنەوە و دەست بە تۆماركردنی زانیارییەكان دەكەن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، دڵزار حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: لە ئەمڕۆوە تا 19ی مانگ بژمێرەكان سەردانی سەرجەم یەكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكەن كە پێكهاتوون لە 15 قەزا و 46 ناحیە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەمیانی سەردانەکاندا، بژمێرەكان پرسیارەكانیان ئاراستەی خێزانەکان دەكەن و گرنگە لە هەر ماڵێك كەسێك یان زیاتر ئامادە بێت.
لەم چەند ڕۆژەدا بژمێرەکان پرسیارە سەرەتاییەکان دەکەن وەک ناوی سەرۆک خێزان و ژمارەی ئەندامانی خێزان و چەند پرسیارێکی دیکەی تایبەت بە سەرژمێری.
بەڕێوەبەرى ئامارى هەولێر روونیشیکردووەتەوە، رۆژانى 20 و 21ـى مانگ کە قەدەغەى هاتوچۆ رادەگەیەندرێت بژمێرەکان سەردانى ماڵ و خێزانەکان دەکەنەوە بۆ دڵنیابوون لە راستى ئەو زانیارییانەى لە قۆناغى یەکەمدا تۆماریان کردووە.
لای خۆیەوە ئیبراهیم ڕەحمان، سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە پارێزگای هەولێر، رایگەیاند: پرۆسەی سەرژمێری، 15 قەزا و 46 ناحیە، 735 گەڕەک و هەزار و 350 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر لەخۆ دەگرێت و بەسەر 10 هەزار و 107 بلۆکدا دابەش کراون."
ئیبراهیم ڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد "زیاتر لە 10 هەزار بژمێر پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە دەبەن و لە قۆناغی یەکەمدا، لە 16 تاوەکوو 19ی مانگ، سەردانی هەموو یەکەکان دەکەن بە شوێنە نیشتەجێبوون و نانیشتەجێبوونەکان."
ئیبراهیم ڕەحمان دووپاتی کردەوە زۆر گرنگە ئەو خێزانانەی ڕۆژانی دیکە لە ماڵ نەبوون، 20 و 21ی مانگ لە ماڵ بن، چونکە 22ی مانگ فۆرمەکان دادەخرێن و لە ناونووسین بێبەش دەبن. وتیشی: 22ی مانگ، قۆناغی پڕکردنەوەی فۆرمی هەژمارکردن دەست پێ دەکات کە 77 پرسیار لەخۆ دەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە کاتژمێر 12:00ی شەوی 19 لەسەر 20ی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆی تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێریی، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و تاوەکوو کاتژمێر 12ی شەوی 21 لەسەر 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت.