دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

دادگای مێردین سزای بۆ دوو بکوژی خێزانە پێنج کەسییەکەی دهۆک دەرکرد

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای مێردین سزای زیندانی کردنی هەتاهەتایی بەسەر دوو لە بکوژانی بنەماڵەکەی دهۆک سەپاند، هاوکات خانەوادەی کوژراوەکانی دهۆکیش داوا دەکەن تاوانبارانی دیکە و پشتیوانانیان ئاشکرا بکرێن و لە سێدارە بدرێن.

دادگای چوارەمی مێردین ئەمڕۆ هەشتەمین دانیشتنی خۆی لەسەر دۆسیەکە کرد و بڕیاری لەسەر سزای تاوانباران دا. دوو لە تاوانباران بە ناوەکانی فارس ئاکسەڤەن و عەبدوڵڵا کاپلان، سزای بەندکردنی تاهەتاییان بۆ دەرکرا. 

حەربی جەلالەدین، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکەی دهۆک لە مێردین، دوای تەواوبوونی دادگاییەکە بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند:  ئێمە ئەو کەیسە داناخەین تاوەکو تەواوی تاوانباران ئاشکرا دەکەین، بزانین کێ لە پشت ئەو تاوانەیە و دەبێت ئاشکرا بکرێن، دەشبێت ئەو ڕاستییە دەربکەوێت.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، "پێنچ هاوڵاتی خەڵکی شاری دهۆک" لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان  بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی نەخۆشی چووبوونە تورکیا.

شاهین خالدی هاوژینی و هندرینی کچیان دەستبەجێ لە شوێنی تاوانەکە گیانیان لەدەستدا.  وەحیدە حەیدەر جاسمی تەمەن 63 ساڵ و حەئمەد جەلالەدین ئیبراهیمی تەمەن 45 ساڵیش بە برینداری گوێزرانەوە نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانیان، گیانیان سپارد. 

داوی رووداوەکە، هێزی ئەمنیەکانی تورکیا  پێنچ کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکرد کە دوویان تاوانباری سەرەکین و سێیانی دیکەش هاوکارن، تا ئێستا دوو لە تاوانبارانی سەرەکی گیراون و سێی دیکەی بە کەفالەت ئازادکراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP