هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ بە لێبووردنی تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 25 سزادراو ئازادکران.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوێنێ بە لێبووردنی تایبەت 25 سزادراومان ئازاد کرد، کە سەرجەمیان خەڵکی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بوون".
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی ئازاد کراون لێبووردنی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان هەبووە کە 13-10-2024 دەریکردووە.
وتیشی، "ئازادکراوەکان هەموویان نەخۆشن؛ هەیانە شێرپەنجەی هەیە و تیاشیاندایە جەڵتەی دەماخ لێیداوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ، زیاتر لە 5700 حوکمدراو لە چاکسازییەکانن.