دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/11/2024

نێچيرڤان بارزانى و سوودانى دۆخى عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

هرم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ به‌غداد کۆبوونەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران.

وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوودانی، پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاريی سیاسيی گەلی کوردستان و پابەندبوونيه‌تی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه‌".

هەردوولا "جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان".

لاى خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، "ستایشی پشتگیريی سەرۆک وەزیران سوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سه‌رخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە."

لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.

پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتيی پەرەپێدانیان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئاماده‌ى بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP