هەرێم نیوز
بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی 10یەم پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی باڵای پێکهێناوە و لە یەکەم کاری لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی کۆدەبێتەوە.
چیا هەرکی، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ڕۆژی 3-11-2024، شاندەکەی پارتی سەردانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کردووە، بڕیارە سەردانی لایەنەکانی دیکەش بەردەوام بێت، بەڵام دوور لە چاوی میدیاکان دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، بارزانی لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەختی لەوە کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە.
شاندەکەی پارتی لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب، ئومێد سەباح پێکهاتووە، ئەگەر بچنە سلێمانی عەلی حسێن دەبێتە ئەندامی شاندەکە، سەردانی دهۆک بکەن سەربەست لەزگین دەبێتە ئەندام.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 30-10-2024 کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، پارتی توانی 39 کورسی و کۆمەڵی دادگەریش 3 کورسی بەدەستهێناوە.
بە گوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هیچ لایەنێک نەیتوانیوە 50+1 بەدەستبهێنێت و هەر لایەنێکیش بیەوێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت پێویستە هاوپیەمانییەتی لەگەڵ چەند لایەنێک بکات بۆ ئەو مەبەستە.