دواین هەواڵ

کوردستان‌

 04/11/2024

دەم پارتی: دانانی قه‌یوم هێرشێکی گەورەیە بۆ سەر مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی گەلی کورد

هەرێم نیوز

دواى بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا بۆ لابردنى سێ سەرۆکشارەوانیی باکوورى کوردستان، پارتی دەم رایگەیاند، دانانی قەیووم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکانیان "کودەتا"یە و سەرجەم هەوڵەکانی گەڕان بەدوای ئاشتی لەناودەبات.

پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان "پارتی دەم" لەبارەی دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، ئێلهـ و خەلفەتی و دانانی قەیووم لە جێگەیان رایگەیاند، "جەختکردنەوە و بەردەوامیی دەسەڵات لە "کودەتای قەیووم"، نیشانەی پوکانەوەی سیاسییە. دانانی قەیووم لەم رۆژەدا کە ساڵیادی "کودەتای پەرلەمان" و دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانییەتی، مانا و پەیامی خۆی هەیە. ئەوەی روودەدات دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەیە لە ساڵی 1994ـەوە بەردەوامە بۆ لەناوبردنی سیاسەتی گەلی کورد."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دانانی قه‌یوم بۆ گه‌وره‌ شاره‌وانییه‌كانی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باکوری کوردستان، "کودەتایەکی ڕونە دژی ئیرادەی گەل، کودەتاکانی پێشو لەلایەن جەماوەرەوە ڕەتکرانەوە، پراکتیکی سه‌رۆك كۆماری توركیا لە هەڵبژاردنەکاندا توشی شکستێکی گەورە بو، خەڵک ویستی خۆیان لە بەرژەوەندی حزبەکەمان بەکارهێنا".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "دانانی قه‌یوم هێرشێکی گەورەیە بۆ سەر مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی گەلی کورد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و گه‌وره‌ شارانه‌، گەمارۆدانی حکومەتە خۆجێیەکان و شارەوانییەکانه‌، کە خەڵک بەشداری ڕاستەوخۆیان هەیە و گۆڕینیان بۆ بنکەی پۆلیس، ڕاگەیاندنێکی ڕونە کە شەرعیەتی دیموکراسیی دەسەڵاتی سیاسی ئێستا کۆتایی هاتوە".

لە راگەیەندراوەکەی پارتی دەمدا هاتووە، دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە، دەیانەوێت بە دادگا و هێز دەستبەسەر ئەو شارەوانییانەدا بگرن کە بە رێگەی هەڵبژاردن نەیانتوانیوە تیایدا سەرکەوتووبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP