دواین هەواڵ

ئابوری‌

 04/11/2024

ڤیان سەبری: پڕۆژەی هەژماری من زۆر لە تەوتین فراوانترە

هەرێم نیوز

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ھەژماری من زۆر لە تەوتین فراوانترە و ھیچ گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی نییە. 

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق له‌ لێدوانێكییدا په‌یوه‌ست به‌ (ھەژماری من) ڕاگەیاند: پڕۆژەی ھەژماری من، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ئەو بانکانەش کە لەو پڕۆژەیەدا ھەن، ھەمووی لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە و ھیچ گرفتێکی نییە، بۆیە پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانیش لەو پڕۆژەیە بەردەوامە و فەرمانبەرێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا: جێگەی داخە لایەنێکی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە ھاوکاریی ھەندێک پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە، بۆ ئەوەی "ھەژماری من " نەمێنێت و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تەوتین بکرێن، کە ئەمەیان ھیچ بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی تێدا نییە و ئەوەی دەکرێت بۆ مەبەستی سیاسییە، ئەگەرنا پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و دانپێدانراویشە، بۆیە ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە ھیچ جۆرێک مایەی قبووڵکردن نییە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: هەژماری من لە ڕووی یاسایی و تەکنیکییەوە ھیچ گرفتێکی نییە، بەڵام ئەوان مەبەستیان تێکدانە، چونکە لە ھەڵبژاردندا نەیانتوانی ئەوەی دەیانویست بە دەستی بێنن، ھاتوون دەیانەوێت بە ھەر جۆرێک بێت دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: ئەو بانکانەی لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن، ھیچیان شەخسی نین و ھەموویان ئەو بانکانەن  کە حکوومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و ھاوشێوەی بانکەکانی دیکە یاسایین، بۆیە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەو بانکانە شەخسین، ڕاست نییە و بانکی یاسایی و تۆمارکراون و حکوومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP