دواین هەواڵ

کوردستان‌

 02/11/2024

شوان کەلاری: ئەوەی یەکێتی بۆ تەوتین دەیکات چەواشەکارییە

هەرێم نیوز

فراکسیۆنی یەکێتی هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوەی لە نێو ئەندامانی په‌رله‌مانی عێراق دەستپێکردوە بەمەبەستی پشتیوانی و فشار بۆ جێبەجێکردنی "تەوتین" کە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتیش لە په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت، "یەکێتی هێشتا تای هەڵبژاردن بەری نەداوە و ئەو هەنگاوەیان کارێکی خراپە و بە دڵنیایەوە هەژماری من دەبێتە فاکتەرێک کە ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر باش بباتە پێشەوە".

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ڕایگەیاند،" هەژماری من پرۆژەیەکی فەرمیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لە سەرداوە، هەنگاوی زۆر باش لە هەژماری من چووەتە پێشەوە و بابەتەکە پەیوەستە بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی فەرمانبەران کە تەوتینیش هەمان ئامانجی هەیە، بۆیە پێمان وایە ئەوەی یەکێتی دەیکات کارێکی باش نیە."

وتیشی،" جگە لەوەی ئەو کارەیان جۆرێکە لە کاری نایاسایی، چونکە سەد لە سەد کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەکێتی خۆشیان دڵنیان چ بانکی مەرکەزی و چ حکومەتی عێراق و چ وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەکات، بۆیە بەداخەوە هێشتا تای هەڵبژاردن بەریانی نەداوە، ئەمە خراپە و بە دڵنیایەوە هەژماری من دەبێتە فاکتەرێک کە ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی زۆر باش ببات بەرەو پێشەوە."

 ڕاشیگەیاند،" دادگای ئیتحادی ڕاستە بڕیارێکی هەیە، بەڵام ناڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی نەبێت بۆ ئەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خۆیی بکاتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک باسی ناکات و ئامانجی دادگای فیدراڵی ئەوەیە سەرجەم موچەخۆرانی عێراق بە گشتی هەژماری بانکیان هەبێت و بابەتەکە لەوە دەرچێت بە قایمە و بەلیست و پارەی نەقدی بدرێتە فەرمانبەران."
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشیوایە ئەم هەنگاوەی یەکێتی کارێکی خراپی و کاریگەری لەسەر پەرتەوازەی نێو ماڵی کوردی دروست دەکات.
وتیشی،" ئەوەی یەکێتی دەیکا و سەرۆکی حزبەکەی ڕووبەڕووی بڕیاری حکومەتی هەرێم دەبێتەوە ئەمە تەواو نایاساییە و ئەمە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو و گریمان هەندێک دەنگی پێ کۆکردەوە و پێویستە ئەم تای هەڵبژاردنە بەریان بدات، چونکە بەڕاستی ئەوەی دەیکەن و فۆرم دابەش دەکەن چەواشەی فەرمانبەرانە و هیچ بنەمایەکی یاسای تێدا نیە."

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەوان تەواو پشتیگری لە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر دەسەڵاتێک هی حکومەتی هەرێم بێت ڕێگە نادەن دەستێک بیەوێت ئەو دەسەڵاتە لە حکومەتی هەرێم بسێنێتەوە و بیدات بە بەغدا.ت."

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP