دواین هەواڵ

کوردستان‌

 01/11/2024

تیمەکانی بەرگریی شارستانی کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

هەرێم نیوز

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رگری شارستانی هه‌رێم له‌باره‌ی دروستبونی لافاو له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هۆشداریده‌دات و داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، سبه‌ی شه‌ممه‌ خۆیان له‌ گه‌شتكردن بپارێزن و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "پێشبینیده‌كرێت زۆرترین ڕێژه‌ی سنوری پارێزگای سلێمانی بگرێته‌وه‌".

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین پێشبینی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و بەلێزمە زۆربەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سبەی شەممەوە دەستپێبکات، لە هەمانکاتدا پێشبینی دەکرێت کە زۆرترین رێژەی سنووری پارێزگای سلێمانی بگرێتەوە ( 40 ملیمەتر) باران ببارێت و کەمترین رێژەش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بێت کە ( 15 ملیمەتر )باران ببارێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەدات، لە هەر بارودۆخێکدا بێت، گشت هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە حالەتی ئامادەباشی تەواون، بۆ هەر ئەگەرێک و پێشهاتێکی لە ناکاو.

دەشڵێت، پێویستە هاوڵاتییان رەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

١- لە سەنتەری شارەکان ئامادەباشی تەواو کراوە لە پاککردنەوەی مەنهۆلەکان و کردنەوەی رێڕەوی ئاوی قورس و ئاوی باران لەلایەن تیمەکانی شارەوانی بۆیە گرینگە هاولاتییان بەپێی رێنماییەکان هەڵسوکەوت بکەن بۆ سەلامەتی گشت لایەک .

٢-دووربکەونەوە لەو شوێنانەی، کە لە ساڵانی رابردوو ئاوی لێ کۆدەبوەوە بەتایبەتی ژێر پردەکان ئەو ناوچانەی رێڕەوی ئاون .
٣- هەموو تیمەکان و بنکەکانی ناو شار لە حالەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێک.

دەرەوەی شار:
١- ناوچە نزمەکان بەتایبەتی کەند و چەمەکان مەترسیدارن بەهۆی هاتنی ئاوی باراناو بۆیە دووربکەونەوە لەو ناوچانە.
٢-شوانکار و مەرداران دەبێت لەو ناوچانەی رێرەوی ئاوی بارانن دووربکەونەوە بۆ سەلامەتی خۆیان.

٣- لە دەشت و ناوچە شاخاویەکان بروسک و هەورە تریشقە مەترسیدارن شوانکار و مەرداران و گوندنشینان وریابن.
٤- هەوڵبدەن گەشت نەکەن باشترە بۆ سەلامەتی خۆتان.

بە هاوڵاتییان دەشڵێت، "تکایە لەهەر بارودۆخێکدا بوویت و پێویستیت بە هاوکاری بوو بە زووترین کات پەیوەندی بە هێلی گەرمی بەرگریی شارستانی بکەن ژمارە 115 ".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP