هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هەموو فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەكەی ئاگادار دەکاتەوە، سزای هەر كەس و لایەنێك لە وەزارەت بدات، ئەگەر كۆسپ بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" دروست بكەن.
وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 30-10-2024، نووسراوێكی بە ژمارە 27737 بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستیی شار و ئیدارە سەربەخۆكان ناردووە و ئاماژەی بە نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و حوكمی بڕگە (10)ـی ماددەی هەشتی لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ژمارە سێی ساڵی 1992ی هەمواركراو داوە، هاوكات ئاماژەی بە ئەوە داوە كە هەژماری من پڕۆژەیەكی گشتگیر و بەردەوامە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكات كە ڕێككاری یاسایی و كارگێڕیی پێویست بگرنە بەر بەپێی حوكمەكانی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی بۆ لێپرسینەوە و سزادانی فەرمانبەرانی كەمتەرخەم و سەرپێچیكار كە بەربەست دروست دەكەن لەبەردەم بە جێگەیاندنی پڕۆژەی هەژماری من.
هەروەها چەند ڕۆژێك پێش ئێستا، وەزارەتی داراییش نووسراوێكی ئاراستەی بانكەكان كردووە و داوا دەكات هەر كەسێك ڕێگریی لە كارەكانی تیمی هەژماری من بكات سزا بدرێت.
سێشهممه، 29ـی تشرینی یهكهمی 2024، وهزارهتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهندراوێكی بڵاو كردهوه و تێیدا چهند خاڵێكی سهبارهت به پرسی مووچه و پرۆژهی "ههژماری من" خستووهته ڕوو و جهختی كردووهتهوه، دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستەمی فیدراڵی لە دەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی هەرێمی کوردستانە.
وەک لە پەڕەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە: ئامانج لە پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.