دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/10/2024

ڕێباز حەملان: بڕیاری بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕاگرتنی هەژماری من لە سنووری سلێمانی تەواو نایاساییە

هەرێم نیوز
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیاری سەرۆكی یەكێتی بۆ راگرتنی هەژماری من لە سنوری سلێمانی تەواو نایاساییە.

 رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بڕیاری سەرۆكی یەكێتی بۆ راگرتنی هەژماری من لە سنوری سلێمانی تەواو نایاساییە، و لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت قسەكراوە بۆ ئەوەی بەزوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، خودی بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و بەرپرسەکانی یەکێتی لە حکومەت هەژماری منیان پڕکردۆتەوە و بابەتی هەژماری من پەیوەندیدارە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هیچ حزب و هیچ شەخسێکەوە.

ئاشکراشیکرد، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند کە هەژماری من ڕادەگرێت، کە بەدڵنیایی ئەوە بڕیارێکی تەواو نایاساییە چونکە دەبێت ئەو بڕیارە ئەگەر بدرێت حکومەت بیدات نەک سەرۆک حزب و کەسێک و پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە، بە ئاگاداری و ڕەزامەندی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ و خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندییە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستاش هیچ نوسراوێکی فەرمی نەهاتوە لە بەغداوە کە بڵێ هەژماری من ڕاگیراوە و هەژماری من تا ئەم ساتەش پڕۆژەیەکی گشتگیرو سەرتاسەرییە لەسەر ئاستی هەمو هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت و هەژماری من "نزیکەی 700 هەزار بەشداربوی هەیە، لەو ڕێژەیەش زیاتر لە 100 هەزاری لە سنوری پارێزگای سلێمانییە، خودی بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و بەرپرسەکانی یەکێتی لە حکومەت هەژماری منیان پڕکردۆتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، یەکێتی و نوێنەرەکانی یەکێتی خۆیان بەشداربون لە بڕیاری دروستبونی هەژماری من، حزبەکانی تریش بەشداربون چونکە هەژماری من یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کە بریتی بو لە بەدیجیتاڵکردنی سیستمی موچە و داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی، کێشەی یەکێتییە لەگەڵ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری وەک هەژماری من.

ڕێباز حەملان دەشڵێت؛ یەکێتی کێشە بۆ ئەو پڕۆژانە دروست دەکات کە خزمەتی خەڵک دەکات، ئێستا هاتون دەڵێن دەبێت خەڵک تەوتین بکات و بەڕاستی ئەمە بۆ سەرلێشێواندنی خەڵکە چونکە نە بانکی ڕەشید، نە ڕافیدەین، نە تی بی ئای، ئامادەنین بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم هیچ تەوتینێک بکەن، لەبەرئەوەی هەمو مامەڵەیەکی ئەو بانکانە و حکومەتی عێراقی لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوەیە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP