هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلیسیا ڕیکۆ پێرێز دێل پولگار، باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کردو وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ باڵیۆز، سوپاسیی هاریکاری و پشتیوانیی ئیسپانیای کرد، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆریستانی داعش.
باڵیۆزی ئیسپانیا جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. هەروەها پیرۆزباییشی لە سەرۆکی حکومەت کرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.