هەرێم نیوز
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند، دوێنێ لە زیندانی ئیمراڵی عەبدوڵا ئۆجەلانی بینیوە و كۆبونەوەی لەگەڵدا ئەنجامداوە، هەروەها دەشڵێت، "هیوادارم دیداری ئێمە وەکو خانەوادە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەردەوام بێت و گرنگ نییە بارودۆخەکە چۆن بێت".
عومەر ئۆجەلان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "دواین دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژی 3ی (ئازاری/3) ساڵی 2020 ئەنجامدارا و دوای چەندین ساڵ ڕێگە بە بنەماڵەكرا بیبینن".
ئاماژەی بەوەشكرد، دوێنێ 23 (تشرینی یەكەم/10) ڕێگەی پێدرا عەبدوڵا ئۆجەلا ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ببینێت و كۆبونەوەی لەگەڵدا ئەنجام بدات.
عومەر ئۆجەلان باسی لەوەشكرد، "بینینی ئۆجەلان لەلایەن خێزانەكەیەوە مافێكی یاساییە و دەمانەوێت ئەم کۆبونەوانە بەردەوام بن، گرنگ نییە بارودۆخەکە چۆن بێت".
ئەوە لەكاتێكدایە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999وە لە توركیا زیندانیە و ماوەی 43 مانگە ڕێگری لە پارێزەكانی و خانەوادەكەی دەكرا كە بیبینن و كۆتا دیداری لەگەڵ خانەوادەكە لە ڕۆژی 3ی (ئازاری/3) ساڵی 2020 ئەنجامدارا، دوای ئەو ماوەیە دوێنێ ڕێگە بە برازاكەی درا بیبینێت.