هەرێم نیوز
هەندێک کەس کتێبەکان هەڵدەلوشن بەبێ ئەوەی لەناوەڕۆک و پێکهاتەی کتێبدا تێبفکرێن و تێڕامان بکەن، هەست و وەرگرتنی ئەوەی خوێندوتەوە گرنگترە لە خوێندنەوە ، فیلم و دراما هەمان فەلسەفەی تێگەیشتنی دەوێت ، دەبێت هەڵگری پەیام و ئایدیای ئاڕاستەکراو بێت
درامای (گردن زنی)
ژانەر / دراما ، تاوانکاری ، ئاڵۆز
(ئاهەنگێکی هاوسەرگیری ، لەپڕێکدا دەگۆڕێت بۆ چیرۆکێکی ئاڵۆز و تاوانکاری ، دیمەنەکان ، دیالۆگەکان خێرا پەلکێشی نێو چیرۆکی درامیت دەکەن)
لە پێکهاتەی سینەماتۆگرافیدا دەبێت فیلمساز بزانێت چجۆرە کامێرایەک بۆ ژانەری فیلمەکەی هەڵدەبژێرێت ، دەبێت لەتوانایدا هەبێت گرێچنەی فیلم ون نەکات ، هەڵبەت لەم حاڵەتەدا پێویست دەکات پەنا ببات بۆ بەڕێوەبەری شوێن ( لۆکەیشن ) ئەو هاوکارت دەبێت تا باشترین شوێن دەستنیشان بکات بۆ چاوی کامێراکەت ، فیلمی کفن سینەماتۆگرافی ون کردبوو !
لەناو پێکهاتەی سینەماتۆگرافیدا دەبێت نواندن بگات بەئاستێک بینەر ببات بۆ قوڵایی ڕوداوەکان ، تا بتوانێت پارێزگاری بکات لە سیناریۆی فیلم.
لەناو پێکهاتەی سینەماتۆگرافیدا ڕوخسار دەبێت لەگەڵ دەنگ و دیالۆگ و جوڵەدا یەکبخرێت،
دیالۆگ دەبێت نزیک بێت لە حەقیقەتەوە ، دیالۆگ دەبێت هێندە ڕاست بێت هەست و سۆزت بجوڵێنێت ، دڵت پڕ بکات ، دواتر هەستەکانت لەشێوە مرواری ببێتە فرمێسک و بیر بکەیتەوە ، پەیام و گرنگی ڕستەکان بگات بە بینەر ، کۆمەڵگا بونیاد بنێت نەوەک خەیاڵی و دوور بێت لەڕاستیەوە ، سەرنج بدەن لەماوەی تەنها دوو خولەکدا چۆن وێنای دایک کراوە لە ئەڵقەی هەشتەمی زنجیرەی ( داریوش ) دا.
دەستپێکی فیلم یان دراما زۆر گرنگە، دەبێت ژەمی هەست بزوێن و درامی بەشێوەیەکی ستونی هێدی هێدی هەڵبکشێت ،
دەتوانم بڵێم لەبەردەم کارێکی ناوازەی درامیداین ، یەکەم ئەڵقەی زنجیرەی ( گردن زنی ) مایەی سەرنج و تێڕامانم بوو ، بزانین ئەڵقەکانی دواتر تا چ ڕادەیەک دەتوانن هەمان ژەمی درامی و پەیامدار ئاڕاستەی تاک و کۆمەڵگا بکەن؟
نووسینی: خۆشناو محەممەد