هەرێم نیوز
دوای سێ ڕۆژ لە هێرشە تەقینەوەکانی سەر بینای دیپلۆماسی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، چەند کاتژمێرێک پێش گەیشتنی مەسعود پزیشکیان بۆ فڕۆکەخانە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند ئەو هێرشە کاری گروپە نزیکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی ئەمنی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس و ئەسۆشێتد پرێس ڕایانگەیاندبوو، لەکاتی ئەنجامدانی ئامادەکارییەکانی کۆتایی بۆ پێشوازیکردن لە مەسعود پزیشکیان، دوو دەنگی ترسناکیان بیستووە.
بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی ئاشکرای کرد، دوو مووشەکی کاتیۆشا بەر بەشێکی فڕۆکەخانە کەوتووە کە هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێی جێگیرن، یەکێکیان دیواری ئەم بەشەی کردۆتە ئامانج و ئەوی تریان لەناو ناوچەی ئەم بەشە کەوتەخوارەوە. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، هێرشەکە کاری گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە کە "بە ئازادانە لە عێراق کاردەکەن". لەم بەیاننامەیەدا بە دیاریکراوی ناوی ئەو گرووپە نەهاتووە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە.
لە بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا جەختی لەسەر "مافی بەرگریکردن لە خۆی و کارمەندەکانی لە هەر شوێنێکی جیهان" کردووەتەوە، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە لەو پێوەندییەدا نەبووە.