دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

مەرج نییە ئەوەی جوان یاری بکات بیباتەوە

هێمن عەبدولقادر

زۆر جار ڕێک ئەکەوێت یانەیەک باشترین یاریزانەکانی هەیە و کەچی هەر ئەدۆڕێ ، خەرجییەکی زۆر و ڕاهێنانێکی زۆر دەکات بەڵام هەر ئەدۆڕێ ، چونکە ژیانیش یاسای خۆی هەیە.
(قەلە ڕەش کە لەشەڕگەدا چاوی مردوویەک دەر دێنێت ، ناپرسێت داخۆ ئەمە چاوی قارەمانێکە یاخود هەڵهاتوویەک) ، قەلەڕەشیش یاسای خۆی هەیە، قەلەڕەش چوزانێت یاساکانی شەرگە چییە؟ کێ لە بن بەردا خۆی شاردۆتەوە و کێ لە ریزی پێشەوەی مەتەرێز و سەنگەردا وەستاوە.

یاسای گەورەی گەردوونی هەیە دەبێت نان و بوار بدات بەهەمووان ، کەمتیار و قەلەڕەش ، کیسەڵ و کرمی فەریکە نۆک ، هەنگ و پڵنگ و ڕژد، (سۆزانی) و (بەحورمەت) دەبێت شوێنەکانیان بگۆڕنەوە ، وەک چۆن یاریزانەکان لە نیوەی گەیمەکەدا بە فیکە و شەپلی دادوەر شوێنی گۆڕەپان ئاڵوگۆڕ دەکەن ، دەبێت هەمووان ئەم ئاڵوگۆڕە بکەن.

ئەوەی لە ئاش دوا بکەوێت ، دەبێت لە ڕێگا ڕابکات ،ڕاکردن بەتەنها بەس نیە ، کێ دەتوانێت ئەرخەیان بێت کەسی تر پێشی نەکەوتووە؟
یان کێ خاترجەمە کە لە رێگا باوبۆران ڕێی پێناگرێت، یان کێ دەزانێت ئاشەوان تاقەت و تابشت ، سەبر و حەرسەڵە ، یان بەوزە و پەلەک و شیانی هاڕینی مابێت.
مرۆڤ هەندێک جار لە کاتی خۆشیدا دەگات ، بەڵام ئاسیاو ئاوی لێبراوە.

دارستانیش یاسای خۆی هەیە ، ئەگەر نەکوژیت ئەکوژرێیت ، ئەگەر برێکجار گزی و گەسک و تیژ نەبیت ئەدۆڕێیت ، کێ دڵتەختی بە نێرگز دەدات کە لە گوڵەباخ بباتەوە کەهەموو گیانی دڕکە؟ کێ دنجەی پەپولە ئەکات کە لەمار زیاتر بژی ؟ پەپولە بەو ناسکیەوە و مار بە کەڵبەو ژەهرەوە؟
جوانی و ناسکی یاد ئەکرێنەوە ، بەڵام مەرج نییە بیبەنەوە ، میداڵ و نواط و ئەوسیمە دەکرێتە ملی سەرباز ، زیندان و نەفی کردن و تەوقی گەردن و توک و نەفرەت و تەنها کەوتن دەبنە بەشی نووسەر و رەخنەگر و هۆزانڤان.

بە(مار)یان گوت بۆچی خواریت ؟ گوتی هەموو ئەو شوێنانەی لە دونیادا من پێیدا دەڕۆم خوارو خێچن ، ئەگەر ڕێک بڕۆم ناگەمە هیچ جێیەک. هەندێکجار رێک ڕۆیشتن پێچەوانەی فیترەت و سروشتی یاساکانە لانی کەم بۆ هەمووان نابێت ، هانی خوار ڕۆشتنی هەمووان نەدرێت ، وەلێ ڕێک ڕۆشتنیش بۆ هەموو کات و دەمێک نابێت.

زۆرجار ژیان و ژیوار وەکو سیاسیەکان وان، کاتێک تەوقە لەگەڵ سیاسیەکدا ئەکەیت ئەبێت دواتر پەنجەکانت بژمێریتەوە ، نەبادا یەک دوانێکیانی دزی بێت یان چەند دانەیەکیانی شکاندبێت، قۆپیت و زیندەگیش لە دونیادا وایە کاتێک دەچیتە ناو ژیانەوە دەبێت زوو زوو سەیری خۆت بکەیت بزانیت چی لێسەندوویتەتەوە ، نیگەرانی ئەوە نەبیت کێ لێی بردویتەتەوە ، چونکە مەرج نییە ئەوەی جوان یاری بکات بیباتەوە.
هەندێک سەرگەرمی هەیە باشترە دەست پێنەکرێت ، وەلێ مادام مرۆڤ ئەو شاتانە گوێ پێنادات و بیر خۆی دەباتەوە ، دەبێت ئەوەی لە یاد بێت ، کە مەرج نییە ئەوەی جوان یاری بکات بیباتەوە ، مەرج نییە ئەوەی بە ڕەوشتەوە کار بکات بیباتەوە ، ئەوەی بەزانینەوە کار بکات بیباتەوە

ژیان وەک قەلەڕەشی شەڕگە وایە ناپرسێت ئاخۆ جوان شمشێرت راوەشاند یان هەڵهاتیت ، بەپێوە مردیت ، یان لەسەر چۆک، دەرباری کۆشک و سوڵتانەکان بوویت یان زاهید و برسی

(نوقڵی دا جانان، بە ئەغیار و جنێوی دا بە من
هەروەکو شاخی نەباتم دی جنێوی تاڵی خۆم)
ژیان زۆرجار نوقڵ و شیرینی و سەرکەوتن ئەدات بە وانەی کە باش یاری ناکەن ، وەلێ شکستی بەئەخلاقەوە بە هەزاران دەستکەوت و سەرکەوتنی رسوایی بەراوردناکرێت،
کەمالەدینی خوجەندی دەیگووت :-
(گه گه،که از لب چاشنی با هر دعاگویی دهی
از بهر من داری نگه زیر زبان دشنام را)
هەرکاتێک دوعایان بۆ کردیت بەلێو ، دڵنیابە نەفرەتەکەیان لە ژێر زمانیان هەڵدەگرن و دەیهێڵنەوە ، هەرکاتێک باش یاری ناکەیت و بەردەوام ئەیبەیتەوە ، کەوتنەکەشی لەژێر زمانی کات و ڕۆژگاردا هەڵگیراوە و دەمێنێتەوە.

فەرهاد کێوی بێستوون ئەبڕێت ،بەڵام ئەفسووس، خەسرەو شیرین ئەباتەوە

بەرەوشت و سەربەرزی و ملکەچ نەبوون و زانینەوە ژیان ئەبڕیت ،بەڵام پاوپوزێکی ساف و شایەر و دەرگاوانێک ڕەنگە بە ئەگەری زۆرەوە لێت بباتەوە، هەرگیز نیگەران مەبە ، چونکە ژیان هەندێک یاسای بێبەزەییانەی خۆی هەیە ، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە مەرج نییە ئەوەی باش و جوان و بەڕەوشتەوە یاری ژیان بکات بیباتەوە.

نوقتە سەری دێڕ ....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP