دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

لە سەروبەندی دووەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی؛ رۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزی ئەمنی تەنراوە

هەرێم نیوز

نزیک دەبینەوە لە دووەم ساڵیادی مردنی ژینا ئەمینی و حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن.

لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ژینا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخێکی ئەمنی چڕی بەخۆوە دەبینێت.

جگە لەوەش 14 چالاکی سەندیکا و ئەندامانی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە بانگهێشت کران و ئەندامێکی بنەماڵەیەکی سکاڵاخوازیش دەستبەسەر کراوە.

بەپێی سەرچاوەکان، مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەمەدی، کە خۆپیشاندەرێک بوو لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا گیانی لەدەست دا، لە شاری بوکان دەستگیرکرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت: کەشی شارەکانی کوردستان بە شاری سەقزیشەوە؛ زێدی ژینا ئەمینی کەشێکی ئەمنی هەیە.

ئەنجوومەنی هەماهەنگیی یەکیەتییەکانی ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: 14 کەس لە چالاکانی یەکیەتییەکان و ئەندامانی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی وڵات، پڕوپاگەندە دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، و تێکدانی نەزمی گشتی، بانگهێشتی دادگا کراون.

بە پشتبەستن بەو وێنانەی دەستیان کەوتووە، ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ زیادی کردووە: لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن حکومەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەرکوتگەری حکومەت لە ڕێگای بۆکانەوە چوونەتە ناو شاری سەقز.

هاوکات حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی کردووە لە ساڵیادی ژینادا مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنن و بچنە سەر گۆڕی ناوبراو.

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا بەمیدیاکانی وتووە، سەبارەت بە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ژینا پەیام و پەیوەندیی زۆری خەڵکی پێگەیشتووە و هەموو کەسێک دەیەوێت لە ساڵیادیدا بچێتە سەر گۆڕەکەی.

ئەمینی وتیشی: هێشتا دیار نییە کە ئایا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ساڵی ڕابردوو ڕێگری لە یادکردنەوەی ژینا دەکەن یان نا.

ژینا ئەمینی پێش دوو ساڵ، کاتێک خۆی و خێزانەکەی بۆ گەشتێک لە سەقزەوە رۆشتبوونە تاران، لە لایەن هێزەکانی "دەوریەی ئیرشاد"ی ئێرانەوە بەبیانووی جلوبەرگەکەیەوە دەستبەسەر کرا. پاشان لە بنکەیەکی ئەو وەزارەتە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای سۆ رۆژ گیانی لەدەستدا. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕایەوە کە لەلایەن ئەو هێزەوە لە سەری دراوە.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزی توند دروستبوو. خۆپیشاندانەکان بە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی: ناسران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە لانیکەم 551 خۆپیشاندەر کە 68 منداڵ و 49 ژن لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کوژراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP