هەرێم نیوز
لە کاتێکدا کێشەی نەناردنی پشکی هەرێم لەبەغدادەوە هەیە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەتەواوەتی نەدرێت و هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممەوە گەیشتووەتە بەغداد و کار لەسەر چارەسەرکردنی گرێکوێرەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا بووەتە هیوایەکی دڵخۆشکەر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەوپێیەی ئەو پیاوەیە هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا بەسەردان و دیدار و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی گرێکوێرەکانی نێوان هەرێم و بەغداد یان وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە.
کێشەیەکی بنەڕەتی نەناردنی پشکی هەرێمە لەلایەن بەغدادەوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، پشکى هەرێمى کوردستان بە بودجە دا "11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335 هەزار دینار بووە، کەچی 822 ملیار و 642 ملیۆن کەمتر نێردراوە."
نێچیرڤان بارزانی لەم چەند ڕۆژەدا دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کردە، پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق تاوتوێ کرد و هەموولایەک کۆک بوون بەزوویی چارەسەری کێشەکان بکرێت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی بە سوودانی وتووە، دەبێ چارەسەر بۆ مووچەی مانگی 12 بدۆزرێتەوە و نەفەوتێت.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، جەختی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک کردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناکۆکییەکان و ئەو بڕیارانەی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەیدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆکی هەرێم بە بەرپرسانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەگەر کێشە مووچەی هەرێم تەکنیکی بێت یان سیاسی، ناکرێت هاووڵاتییانی هەرێم ببنە قوربانی. بەم جۆرە چۆن دەکرێت متمانەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ تاکی هەرێم دروست بکرێت.
پاش کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هادی عامری وتی: "باسی کێشەکان کرا، ئینشاڵڵا کێشە نییە، هەندێک ناکۆکی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا هەیە و دەتوانم بڵێم ئەم بابەتە ئەمڕۆ چارەسەر نەکرا، بەڵکو دوێنێ چارەسەر کرا."
ئهمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر دڵنیایی دا کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت و وتی: کێشەی مووچەی مانگی 12 ماوە و ئینشاڵڵا ئەویش بەزوویی چارەسەر دەکرێت."
سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش وتی: "بەپێی یاسای بودجە هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتەکەی دەچێت بۆ حکومەتی فیدراڵ. کێشەیەک هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، تێچووی بەرهەمهێنان 8 دۆلارە. کۆمپانیاکان بەو پارەیە کار ناکەن، ئێستا یاسایەک لە پەرلەمانە بۆ هەموار کردن، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە.
نێچیرڤان بارزانی هۆشداریی بە دەسەڵاتدارانی عێراقی وتووە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەرلە هەمووان زیانی لە عێراق داوە، بۆیە لەکاتێکدا کۆمپانیا هەیە و تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە، کەواتە ئیدی بیانووەک نەماوە بۆ هەناردەنەکردنەوەی، کەواتە گرنگە هەرچی زووە هەناردەکە دەستپێبکاتەوە.